فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی لە بۆردوومانێکدا کوژرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی حەشدی شەعبی کوژرانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری دەستەکەی و ژمارەیەک لە یاوەرانی لە ئەنجامی "بۆردوومانێکی ئاسمانیی ئەمریکا" راگەیاند و دەڵێت، "ئەمە بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی عێراقە."
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەعد دوای بعێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لە حەشدی شەعبی، لەگەڵ "کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی" لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر بارەگای فەرماندەییەکەیان کوژران.
 
لە راگەیێندراوەکەی حەشدی شەعبیدا هاتووە، هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە ئەو فەرماندەیە و چەکدارەکانی دیکە "سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بوون"، حەشد هێرشەکەی بە "دەستدرێژییەکی ترسنۆکانە" ناوبردووە و دەڵێت، "ئەم کارە سووکایەتیکردنە بە خوێنی رۆڵەکانی عێراق و پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوەکەیدا داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و لە بەرامبەر "پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا" بوەستنەوە. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە پێویستە هەڵوێستی روون و تووند وەربگیرێت بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە.
 
هاوکات سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی هەزبە و، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان نزیکەی 20 کوژراو و بریندار هەن.
 
میدیای حەشدی شەعبیش جگە لە کوژرانی سەعد بعێجی، کوژرانی هەریەکە لە واسق فەرتووسی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی حەشدی شەعبی لە ئەنبار و حەیدەر مەعمووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی شەعبییان لە ئەنبار راگەیاند.
 
لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا، ئەمە هەشتەم جارە کە هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی بابل، ئەنبار و نەینەوا.
 
لە بەرامبەردا گرووپەکانی موقاوەمەی ئیسلامی رایانگەیاند، لە 24 کاژێردا 21 هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە ئەنجامداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چوارچێوی هاوئاهەنگی

بەرپرسانی چوارچێوی هاوئاهەنگی: سبەی کۆدەبینەوە

بەرپرسانی چوارچێوی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە رووداویان رایگەیاند، سبەی سێشەممە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆدەبێتەوە.