پلاسخارت: لەگەڵ عێراق کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی ئاشتی، دادپەروەری و گەشەپێدانی بەردەوام

24-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەبۆنەی رۆژی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە لە عێراق رایگەیاند، لەگەڵ عێراق کاردەکەن لەپێناو بەدیهێنانی سێ کوچکەیەک کە بریتییە لە بەهێزکردنی ئاشتی و دادپەروەری و گەشەپێدانی بەردەوام، دەشڵێت: "عێراق وڵاتێکی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانە و ماوەیەکی درێژە رۆڵی لە کارەکانی بەردەوامە."
 
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بەبۆنەی رۆژی نەتەوەیەکگرتووەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە  تێیدا هاتووە: "رۆژی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ساڵانە لە 24ـی ئۆکتۆبەر یادی دەکرێتەوە بایەخی ئاشتی و پێکەوە کارکردنمان لەپێناو چاکەی مرۆڤایەتی بیردەخاتەوە."
 
هەروەها دەڵێت: "لەگەڵ ئەو کارەساتە گەورانەی هەن کە پەیوەستن بە دابەشبوونەکانەوە، چ لەنێو سنوورەکان بێت یان لە دەرەوەیان، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی دەگمەنی خۆی دەپارێزێت، رێکخراوەکە لەگەڵ لایەنە کاریگەرە جیاوازەکان بۆ کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کاردەکات."
 
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامەکەیدا باسی عێراق دەکات و دەڵێت: "نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و لە شوێنی دیکەش خزمەتی خەڵک لەسەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە دەکات." دەشڵێت: "ئێمە کاری پێکەوەییمان هەیە کە دەبێت بیکەین، ئەوانیش بەهێزکردنی ئاشتی، دادپەروەری و گەشەپێدانی بەردەوامە."
 
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "پڕنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهاکانی هێشتا دەتوانێت ببێتە ئومێدی یەکگرتوویی و ئاشتیی جیهانی، ئێمە رێز بۆ هەموو جیهان دەنێرین کە زۆرینەیان لە دۆخی پڕ لە ئاڵنگاری کاردەکەن، لەرێگەیەوە ئەوانە بیری خۆمان دەهێننەوە کە گیانیان لەدەستدا."
 
رۆژی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی 1947ـەوە هەموو ساڵێک لە 24ـی ئۆکتۆبەر یادی دەکرێتەوە، لەو رۆژەدا میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای پەسندکردنی لەلایەن، ئەندامانی دامەزرێنەری.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە