رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، 75 کەسیان دەستگیر کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەیان بۆ حیزبی بەعسی قەدەخەکراو کردووە. دەشڵێت، دەستگیرکردنەکە بەپێی یاسای ژمارە 23ـی ساڵی 2016ـی قەدەخەکردنی حیزبی بەعس بووە.
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، "بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت شڵەژان و ئاشووب لەنێو کۆمەڵگە دروست بکەن، دوای چاودێریکردن و بەدواداچوون و وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەرەکان، تیمەکانمان ئەو کەسانەیان لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەڵاحەدین و قادسییە دەستگیر کردووە."
بەپێی ئاسایشی نیشتمانی، ئەو کەسانە وێنە و ڤیدیۆیان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوکردووەتەوە، کە هانی حیزبی بەعس دەدات و بانگەشەی بۆ دەکات." ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەوانەی دەستگیرکراون بەپێی یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعسی ژمارە 32ـی ساڵی 2016 مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە ریتمی بەلای بەعس چوون زیادیکردووە و کەسانێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە ئاشکرا و بەبی ترس بانگەشە بۆ حیزبی بەعس دەکەن کە ئەوە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، ئەمە مەترسیدارە و دەبێت حکومەتی عێراق زیاتر کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسای قەدەخەکردنی بەعس بکات."
بەپێی نووسراێک کە رۆژی 19-2-2023، لەلایەن عەبدولکەریم عەبدولحەسەن وجر، سکرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی "هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هەواڵگریی"یەوە واژۆکراوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبونەوەی حیزبی بەعس لە عێراق ژمارەیەک داواکاری لە دەزگا ئەمنییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کردووە "لەوانە: دەستگیرکردنی سەرکردەکانی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو، کاراکردنی یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس، هاوئاهەنگی لەنێوان دەزگا هەواڵگرییەکان، هاککردن و شکاندنی هەژمارە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە بەعس، زیادکردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوانەی کە بەشداریی خۆپێشاندانەکان دەکەن بۆ رێگەگرتن لە زیادکردنی توانای بەعسییەکان و ئەو لایەنانەی بەکاریدەهێنن."
دادگەى سێى کەرخ لە بەغدا، لە 22ـی تشرینى یەکەمى 2023، بڕیارێکی لەبارەی رەغد، کچە گەورەی سەدام حوسێن دەرکردووە، بڕیاریداوە بێ ئامادەبوونی خۆی و بە شێوەی کاتی، بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزای بدات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە رۆڵی هەبووە لە بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ چالاکییەکانى حیزبى بەعسى قەدەخەکراو لە رێگەى دەرکەوتنى لە کەناڵەکانى راگەیاندن لە ساڵى 2021دا.
حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی، قیادەی قوتری عێراق، لە ساڵی 1952 دامەزراوە، بەشداریی شۆڕشی ساڵی 1958ی كردووە، ئەفسەرانی حیزبی بەعس لە 8ی شوباتی 1963 كودەتایەكیان بەسەر عەبدولكەریم قاسمدا كرد. ئەو حیزبە 35 ساڵ حكومی عێراقی كرد، لە ساڵی 2003 لەسەر دەستی ئەمریكییەكان لەنێوبرا، زۆربەی سەركردە باڵاكانیشی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە دەستگیركران و لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراقەوە دادگاییكران و هەندێکیان لە سێدارەدران، لەوانەش سەدام حوسێن.
پەرلەمانی عێراق له دانیشتنی رۆژی شەممە 30 - 7- 2016، پڕۆژەیاسای قەدەخەكردنی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و سەرجەم حیزب و چالاكییە تووندڕەوەكان و تیرۆریستییەكانی پەسندكرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ