رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هیچ پاسپۆرتێکی دیپلۆماسی لە عێراق لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان نەدراوە. دەشڵێت: "هەر کەسێک کە پێشتر پاسپۆرتی دیپلۆماسی پێدراوە لەکاتی نوێکردنەوەیدا لێکۆڵینەوە و وردبینی لە پاسپۆرتەکەی دەکرێت، بۆیە رەنگە کۆمەڵێک کەس پاسپۆرتەکانیان لێوەربگیرێتەوە."
رۆژی چوارشەممە، 25-1-2023، عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری یاسایی و پەیوەندییە فرە لایەنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ پاسپۆرتێکی دیپلۆماسی لە دەرەوەی رێنماییەکان و دەقە یاساییەکان بە کەس نەدراوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش کە فلتەری دووەمە دوای بەخشینی ئەو پاسپۆرتانە وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی داوەتەوە کە هیچ پێشێلکارییەک لەیاسا لە پێدانی پاسەپۆرتی دیپلۆماسی نەکراوە."
سەبارەت بەو کەسانەی پاسپۆرتی دیپلۆماسییان پێدەدرێت، عومەر بەرزنجی گوتی: "بە یاسا رێکخراوە کێن ئەوانەی پاسپۆرتی دیپلۆماسییان پێدەدرێت، یاسا باسی هەموو دیپلۆماسییەکان دەکات بە خێزانەکانیشیانەوە، هەموو وەزیر و پەرلەمانتارەکان و سەرۆکایەتییەکان لە هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان".
بەڵام بە گوتەی بریکاری وەزارەتی دەرەوە، یاسا "دەسەڵات"ی بە وەزیری دەرەوە بەخشیوە پاسپۆرتی دیپلۆماسی بدات بەهەر کەسێک کە بەرژوەندیی تێدا بێت. بۆیە دەڵێت: "ئەگەر وەزیر پاسپۆرتی بەهەر کەسێک دابێت، پێشێلکاریی نەکردووە، بەڵکو یاسا رێگەی پێداوە."
لەبارەی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتی دیپلۆماسیش عومەر بەرزنجی گوتی: "ئێستا کەسی وا هەیە پەرلەمانتار یان وەزیر یان لە سەرۆکایەتییەکانە، بەنموونە؛ کوڕێکی هەبووە پێشتر 17 ساڵ بووە و پاسپۆرتی دیپلۆماسی پێدراوە، بەڵام ئێستا ژنی هەیە و جیایە، ئەوە پاسپۆرتی دیپلۆماسی لێوەردەگیرێتەوە."
بەرزنجی کە ئامادە نەبوو ژمارەی پاسپۆرتی دیپلۆماسی کە لەدوای ساڵی 2003ەوە دراون ئاشکرا بکات، گوتی" ئەو ژمارەیە نییە کە بڵاوکراونەتەوە".
ئەو قسانەی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممە 15-12-2022، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت کردووە بۆ وردبینی لە داواکارییەکانی نوێکردنەوە یان دەرهێنانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەت."
رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەنی 2023، ئەو لێژنەیەی لەلایەن وەزیری دەرەوە بۆ وردبینی لەداواکارییەکانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی پێکهێنرابوو کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یەکێتی پەرلەمانتارانی عێراق کرد.
سەبارەت بە پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە پەرلەمانتارانی پێشوو، عومەر بەرزنجی کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، ئاماژەی بەوەدا بەپێی یاسای ژمارە 13ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ساڵی 2018 و مادەی 63ـی ئەم یاسایە، ئەوان بە خۆیان و خێزانەکانیان مافی وەرگرتنی ئەو جۆرە پاسپۆرتەیان هەیە، بەڵام بەپێی سیستمی پاسپۆرت ژمارە 2ـی ساڵی 2011، دەڵێت پەرلەمانتار کە خانەنشین بوون، خۆیان و ماڵ و منداڵیان مافی پاراستنی پاسپۆرتەکانیان هەیە بۆ یەک خوولی دوای خۆشی دەتوانێت وەریبگرێت.
عومەر بەرزنجی گوتی: " ئەوان هاتبوون، ئەوان هاتبوون و داوایان دەکرد یاساکەی ساڵی 2018 هەژمار بکرێت نەوەک سیستەمەکەی 2011، بۆیە داوایان دەکرد پاسپۆرتیان پێبدرێتەوە." گوتیشی: "هێزی یاسا بەهێزترە لە سیستەم، بۆیە ئەو دەقەی یەکەم رەچاودەکرێت بەوەی پەرلەمانتاران وەکو وەزیرەکان ئەو مافەیان هەیە. ئەو بابەتە دەیخەینە بەردەستی جەنابی وەزیر و ئەویش تێڕوانین و پرسیاری و وردبینی خۆیە هەیە، بۆیە جارێ زووە بڵێین بڕیارەکە بەچی گەیشتووە."
بەپێی یاساکە چوار جۆر پاسپۆرت هەن ئەوانیش: "دیپلۆماسی، تایبەت، خزمەت و ئاسایی." پاسپۆرتی دیپلۆماسیش بەم کەسانە دەدرێت: سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان، پەرلەمانتاران، باڵیۆز و نوێنەرانی عێراق لە وڵاتان.
بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق پاسپۆرتی تایبەت دەدرێتە ئەوانەی کە کاروبارە کارگێڕییەکان هەڵدەسوڕێنن لە وەزارەتی دەرەوە، ئەوەش بەنووسراوی وەزیری تایبەتمەند دەبێت و دەدرێتە فەرمانبەرانی پلە حەوت و بەسەرەوە، پاسپۆرتەکەش بۆ ماوەی شەش مانگە.
مانگی رابردوو، سروە عەبدولواحید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داواکارییەکی لەگەڵ پەرلەمانتار هادی سەلامی داوەتە داواکاریی گشتی بۆ جوڵاندنی سکاڵا لە دژی وەزیری دەرەوە، چونکە ئامار و لیستی ئەو کەسانەیان نەداوەتێ، کە هەڵگری پاسپۆرتی دیپلۆماسین لە عێراقدا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەماوەی ساڵی 2021دا نزیکەی 4000 بۆ 4200 پاسپۆرتی دیپلۆماسییان بەخشیوە.
هەرچی پاسپۆرتی خزمەتە بە گەورە ئەفسەرانی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەدرێت ئەوانەی بەمەبەستی راهێنان و شاندەکان یان بەشداریکردن لە خول و کۆنگرەکان دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.
پاسپۆرتی ئاسایش دەدرێتە هاووڵاتیان بۆ ماوەی هەشت ساڵ دەبێت و دەکرێت نوێبکرێتەوە بەپێی مەرج و رێنماییە کارپێکراوەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ