فڕۆکەخانەی بەغدا داخرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق روونکردنەوە لەبارەی داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەدات و رایدەگەیەنێت، هۆکارەکەی ''تەنیا گرفتێکی تەکنیکی'' بووە و لە چەند کاژێری داهاتوودا گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ی شوباتی 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، داخستنی کاتیی فڕۆکەخانەی بەغدا لە ئەنجامی "گرفتێکی تەکنیکیی لەناکاو" بووە و، "ئەم هەنگاوە رێکارێکی پارێزگاریی خێرا بوو، بۆ ئەوەی ئاستی سەلامەتی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێت."
 
مەیسەم سافی گوتی، "تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکان دەستبەجێ دەستیان بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی گرفتەکە کردووە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ مەرجەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی بگونجێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە داخستنی فڕۆکەخانەکە بەهۆی کێشەی ئەمنییەوە دەکەن و جەختی کردەوە کە، "ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە و پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نابەستن."
 
سەبارەت بە دەسپێکردنەوەی گەشتەکان، مەیسەم سافی ئاشکرای کرد، "لە چەند کاژێری داهاتوودا و هەر کە کارەکانی چاککردنەوە و پشکنینە تەکنیکییەکان تەواو بوون، فڕۆکەخانەکە بە رووی گەشتەکاندا دەکرێتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە