وەزارەتی پلاندانانی عێراق: زیاتر لە 600 هەزار کەس لەناو خانووی نایاسایی و زێدەڕۆدا دەژین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق نوێترین ئاماری خانووە "نایاسایی و زێدەڕۆکان" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەبێ مۆڵەتی فەرمی دروستکراون و نزیکەی 600 هەزار کەسیان تێدا نیشتەجێیە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی شوباتی 2026، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆسیەی خانووە هەڕەمەکییەکان چەندین ساڵە بە ئاڵۆزی ماوەتەوە و بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە گەشەی کردووە. سەرەڕای هەبوونی پڕۆژەیاسایەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی سیاسی و پەرلەمانی لەسەر هەندێک بەندی یاساکە، تاوەکو ئێستا تێنەپەڕێندراوە."
 
بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کۆی ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە عێراق گەیشتووەتە 8 ملیۆن و 37 هەزار و یەکە. لەو ژمارەیە نزیکەی 1.3%ـیان کە دەکاتە 104,000 یەکە، وەک خانووی "نایاسایی یان ناڕێکخراو" پۆلێن کراون، ئەمانە بریتین لە خانووی گڵین، کەرەڤانە، خێوەت و کەپر، کە لە نێوان 500 بۆ 600 هەزار کەسیان تێدا نیشتەجێیە.
 
هینداوی روونیکردەوە کە زاراوەی "هەڕەمەکی" لای ئەوان تەنیا خانووی چینی هەژار ناگرێتەوە، "بەڵکو بەشێکی زۆریان خانووی کوالێتی بەرزن و لەسەر زەویی دەوڵەت یان زەویی کشتوکاڵی دروستکراون، کە زیاتر وەک زێدەڕۆیی هەژمار دەکرێن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان جەختی کردەوە، حکومەت لە رێگەی چەند بڕیارێکی نوێوە هەوڵی چارەسەرکردنی زێدەڕۆییەکان دەدات و نەخشەڕێگەی نوێی حکومەت بریتییە لە، "دروستکردنی شارە گەورەکانی نیشتەجێبوون لە رێگەی وەبەرهێنانەوە، گەیاندنی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی بۆ هەندێک لەو ناوچانەی دەکرێت رێکبخرێنەوە، هەروەها دابینکردنی شوێنی جێگرەوە لە شارە نوێیەکان بۆ ئەو خێزانانەی لە خانووە گڵین و خێوەتەکاندا دەژین بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستەیان هەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باجی 20%ی ئینتەرنێت کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

باجی 20%ی ئینتەرنێت کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە فەرمی کۆمپانیاکانی تایبەت بە هێڵی ئینتەرنێتی لە زیادکردنی باجی 20%ی سەر خزمەتگوزارییەکانیان، ئاگادار کردەوە.