رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەک دژی راسپاردنی عەلی فالح زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق تاوتوێ دەکات، بە پاساوی ئەوەی مەرجەکانی بەربژێرکردنی تێدا نەبووە.
سکاڵاکە لەلایەن رائید مالیکی، مافناس و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقەوە دژی سەرۆککۆمار تۆمارکراوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە 20ى ساڵی 2026 بۆ راسپاردنی عەلی فالح زەیدی وەک بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت.
رائید مالیکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دادگە تانەمان لە مەرسوومی کۆماری داوە کە تایبەتە بە راسپاردنی عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە پشتی بە چەند بنەمایەک بەستووە کە پەیوەندیدارن بەو راسپاردنەوە."
عەلی فالح زەیدی لە 14ی ئایار لە پەرلەمان پەسەند کرا و حکومەتەکەی متمانەی وەرگرت.
بەگوتەی رائید مالیکی، ئەو راسپاردنە چەند مەرجێکی تێدا نییە، لەوانە "ئەزموونی سیاسی، چونکە لە مادەکانی 77 و 68ی دەستووردا دیاریکراوە کە دەبێت سەرۆکوەزیران هەمان مەرجەکانی سەرۆککۆماری تێدابێت. بنەمایەکی دیکەی سکاڵاکە بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانە، کە کۆمپانیای هەیە و دەستبەردار نەبووە، ئەمەش دژی مەرجەکانی بەربژێربوونیەتی بەپێی یاسای دەستەی دەستپاکی، کە بۆ ئەو کەسانەی پۆست وەردەگرن کردوویەتییە مەرج کە دەبێت دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان ببن."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق 1ی تەمووزی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی سەبارەت بەو سکاڵایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ