لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵدا خەرجی عێراق 12% زیادبووە و داهاتیش12.7% کەمی کردووە

25-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خەرجى چارەکى یەکەمى ئەم ساڵی عێراق 28 تریلیۆن دینارى تێپەڕاندووە، کە 80%ى بۆ مووچە بووە، بەراورد بەهەمان ماوەى پار خەرجى 12% زیادی کردووە.
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى دارایی فیدراڵ، داهات لەو سێ مانگەدا 27.2 تریلیۆن دینار بووە، کە 91%ـی داهاتى نەوت بووە. داهاتەکانیش بەراورد بە پار 12.7%ـی کەمی کردووە، کورتهێنان لە نێوان خەرجى و داهات بۆ سێ مانگى یەکەمى ئەم ساڵ نزیکەى 900 ملیار دینار بووە.   
 
خەرجى 28 تریلۆن دینارە، 80%ـی بۆ مووچەیە   
 
وەزارەتى دارایی عێراق راپۆرتى خەرجى و داهاتى بۆ چارەکى یەکەمى 2025 بڵاوکردەوە کە مانگەکانى کانوونى دووەم، شوبات، ئادار دەگرێتەوە.
 
خەرجییەکانی لەو سێ مانگەدا، 28 تریلیۆن و 139 ملیار و 432 ملیۆن و 252 هەزار و 518 دینار بوون، کە 26 تریلیۆن و 662 ملیار و 428 ملیۆن و 661 هەزار و 44 دینارى بۆ خەرجى بەکارخستن بووە، یەک تریلیۆن و 477 ملیار و سێ ملیۆن و 591 هەزار دیناریش خەرجى وەبەرهێنان بووە، بەمەش خەرجى بەکارخستن 94.7%ـی تێکڕاى خەرجییەکان بووە.
 
لە کۆى خەرجییەکان، 22 تریلیۆن و 617 ملیار و 256 ملیۆن و 266 هەزار و 355 دینارى بۆ مووچە و هاوکارى چاودێریى کۆمەڵایەتى و خانەنشینى بووە، کە 80.4%ـێ تێکڕاى خەرجییەکان دەکات.
 
لەو سێ مانگەدا، زۆرترین خەرجى لە پشکى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بووە کە 6.7 تریلیۆن دنیار بووە، وەزارەتى ناوخۆ لە پلەى دووەمدایە بە خەرجکردنى 3.3 تریلیۆن دینار.  
 
سێ تریلیۆن دینار خەرجى زیاد بووە 
 
بەراورد بە چارەکى یەکەمى 2024، خەرجى ئەم ساڵ سێ تریلیۆن و 62 ملیار و 390 ملیۆن و 345 هەزار زیادی کردووە، پار لە هەمان ماوەدا، خەرجى 25 تریلیۆن و 77 ملیار و 419 ملیۆن و 72 هەزار دینار بووە، بەوپێیە خەرجى 12.2% زیادی کردووە.
 
هەرچى خەرجى وەبەرهێنانە بەراورد بە چارەکى یەکەمى 2024، بە بڕى 420 ملیار و 520 ملیۆن و 289 هەزار دینار کەمی کردووە، ئەو کات خەرجییەکە یەک تریلیۆن و 897 ملیار و 234 ملیۆن و 880 هەزار دینار بووە، بەوپێیە کەمکردنەکە 2.3% بووە.  
 
خەرجى هەرێمى کوردستان 1.6 تریلیۆن زیادبووە
 
بەگوێرەى خشتەکە، پشکى خەرجی هەرێمى کوردستان بە سێ تریلیۆن و 86 ملیار و 337 ملیۆن و 84 هەزار و 681 دینار دیاری کراوە کە سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچە بووە.
 
خەرجى هەرێمى کوردستان لە خشتەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بەراورد بە چارەکى یەکەمى  پار، یەک تریلیۆن و 402 ملیار و 647 ملیۆن و 620 هەزار دینار زیادی کردووە، پار لەهەمان ماوەیدا خەرجى هەرێمى کوردستان یەک تریلیۆن و 683 ملیار و 729 ملیۆن و 463 هەزار دینار بووە، بەوپێیە 83.3% زیادی کردووە.  
 
نەوت 91٪ـی داهات پێکدەهێنێت
 
داهاتی عێراق لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵدا، 27 تریلیۆن و 248 ملیار و 764 ملیۆن و 196 هەزار و 554 دینار بووە، لەو بڕە داهاتى نەوتى 24 تریلیۆن و 911 ملیار و 906 ملیۆن و 926 هەزار و 849 دینار بووە، کە 91%ى تێکڕاى داهاتى ئەو سێ مانگە بووە. 
 
داهاتى نانەوتى دوو تریلیۆن و 336 ملیار و 857 میلۆن و 296 هەزار و 704 دینار بووە، کە تەنیا 9%ـی تێکڕاى داهاتى لەو سێ مانگە پێکهێناوە. 
 
بەروارد بە چارەکى یەکەمى ساڵى 2024، داهات کەمى کردووە، بڕى  کەمکردنەکەى سێ تریلیۆن و 973 ملیار و 988 ملیۆن و 402 هەزار و 328 دینار بووە، بەوپێیە کەمکردنەکە 12.7%ى داهاتى پار بووە.
 
زۆرترین کەمکردنەکە لە داهاتى نەوت بووە، کە دوو تریلیۆن و 776 ملیار و 913 ملیۆن و 631 هەزار و 477 دینار کەمیکردووە، هەرچەندە پار لەو سێ مانگەدا داهاتى نەوت 89%ـی تێکڕاى داهات بووە، بەڵام ئەم ساڵ لە هەمان ماوەدا نەوت 91%ـی تێکڕاى داهات بووە.
 
د. نەبیل مەسومى، پسپۆرى ئابووریى عێراق بە رووداوى گوت: "ئەو جیاوازییە لە داهاتى نەوت لە نێوان پار و ئەم ساڵ پەیوەندیدارە بە نرخى نەوتەوە، تێکڕاى نرخ لە چارەکى یەکەمى پار 76 دۆلار بووە و ئەم ساڵ لە هەمان ماوەدا 72 دۆلار بووە،".
 
890 ملیار کورتهێنان 
 
لە ماوەى ئەو سێ مانگەدا، خەرجى عێراق زیاتر بووە لەو داهاتەى بەدەستى هێناوە. بەگوێرەى خشتەکە 890 ملیار و 668 ملیۆن و 55 هەزار و 964 دینار کورتهێنانى هەبووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.