رووداو دیجیتاڵ
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق دەستگیرکردنى باندێکى ساختەکردنى دەفتەرى تاقیکردنەوەکانى پۆلی سێى ناوەندى لە بەغدا ئاشکراکرد کە بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەک و یاریدەدەرەکەى سەرۆکایەتییان کردووە و لەکاتى دەستگیرکردنیاندا 280 دەفتەریان پێبووە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـى کانوونى دووەمى 2023، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، تۆڕێکى ساختەکردن و گۆڕینى دەفتەرى تاقیکردنەوەکانى پۆلى سێى ناوەندییان دەستگیرکردووە کە دەستکاریی نمرەى تاقیکردنەوەکانیان کردووە لە رێگەى گواستنەوەى دەفتەرى تاقیکردنەوەکان بە رێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەک قوتابی بۆ شوێنێکى دیکە بەرامبەر بڕێک پارە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو تۆڕە لەلایەن بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەکى ناوەندى و یاریدەدەرەکەیەوە سەرپەرشتیکراوە و کەسێکى دیکە هاوکاریان بووە کە سەرجەمیان دەستگیرکراون و لەکاتى دەستگیرکردنیاندا 280 دەفتەرى تاقیکردنەوەیان پێگیراوە کە ویستویوانە بیدڕێنن و دواتر خۆیان دەفتەر دروستبکەنەوە.
کەریم سەید، گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رووداوەکە لە یەکێک لە قوتابخانەکانى بەغدا بووە، بەڵام وردەکاریی رووداوەکە لەلاى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانییە و دۆسیەکە ئەمنییە.
کەریم سەید گوتیشى: "ئێمە وەک وەزارەتى پەروەردە لەو کێشەیە ئاگادارکراوینەتەوە و بەمنزیکانە زانیارى لەبارى ئەو تۆڕە و رووداوەکە بڵاودەکەینەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ