فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشداربووانی کۆنگرەکەی هەولێر دەرچوو

26-09-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کۆنگرەکەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ لە "بەشداربووان"ی کۆنگرەکەی هەولێر بە ناوی کۆنگرەی "ئاشتی و گێڕانەوە" دەرکرد کە رۆژی 24ی ئەم مانگە لە هەولێر بەسترا و تێیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا. یەکێک لەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە دەڵێت بەشداری کۆنگرەکەی نەکردووە و زیاتر لە مانگێکە لە ئەڵمانیایە.
 
سەنتەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند دادگەی یەکەمی کەرخ و لەسەر زانیاریی پێشکەشکراو لەلایەن راوێژکارییەتی ئاسایشی نەتەوەییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ویسام حەردان دەرکردووە بەهۆی ئەو رۆڵەی هەیبووە لە بانگەشەکردن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ میسال ئالووسی، سەرۆکی پارتی ئوممە دەرکردووە، لەگەڵ سەحەر کەریم تائی کە فەرمانبەرە لە وەزارەتی رۆشنبیری و نووسیویەتی: "لەبەر هەمان تاوانی ویسام حەردان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە".
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هاتووە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەموو بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە دەگیرێتەبەر لەو کاتەی ناوی تەواوییان دەزانرێت.
 
بەڵام میسال ئالووسی، سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراق، کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، رەتیکردەوە بەشداری کۆنگرەکەی کردبێت.
 
میسال ئالووسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە نەنگییەکی گەورەیە بۆ دادگە و بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، چونکە من نەک هەر بەشدارییی ئەو کۆنگرەیەم نەکردووە، ئەسڵەن من بەهۆکاری نەخۆشی نزیکەی 35 رۆژە لە ئەڵمانیام و چوار رۆژە لە شاری هامبۆرگم و لەنەخۆشخانەم، من لە 23ی مانگی ئابی 2021ەوە لەعێراق دەرچووم". گوتیشی: "ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە زۆر روونە، کە دەستی ئێران و باڵیۆزخانەی ئێرانی لە عێراق تێدایە، ئەو فەرمانە ئیرانییە".
 
 میسال ئالووسی، سەرۆکی پارتی ئوممەی عێراقی، کە بەرێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ رووداو قسەی کرد گوتی: "حەیف عێراق وایلێهاتووە و سەروەریی بەشێوەیەک لەدەستداوە کە نازانێت من بەشداریی ئەو کۆنگرەیە نەبووم، عێراق دەبێت بەپێی دەستوور رێز لە ئازادیی بۆچوون و میدیا بگرێت  و رێز لە مرۆڤ بگرێت، ئازار دەچێژم لە وڵاتەکەم بانگەشە بۆ هەڵگرتنی چەک و دروستکردنی میلیشا و کوشتن دەکرێت، بەڵام داواکردنی پەیوەندی فەرمانی دەستگیرکردن و داوای کوشتنی بۆ دەردەکرێت، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە رێک لەوانە دەچێت کە سەدام دەری دەکردن".
 
رۆژی هەینی 24-09-2021 ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب لە شاری هەولێر، کۆنگرەیەکیان لەژێر ناوی (السلام والاسترداد) ئەنجامدا. بەشێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی عێراق و ئیسرائیلیان کرد، بەشێکشیان دژی ئەوە وەستانەوە و هۆڵی کۆنگرەکەیان جێهێشت.
 
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆنگرەکەوە لە راگەیێندراودا رایگەیاند بە هیچ شێوەیەک ئاگادارى کۆبوونەوەی (السلام والاسترداد) و نێوەڕۆکەکەی نەبوونە کە لە هەولێر کراوە و. دەشڵێت، ئه‌وه‌ی له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ ده‌رچووه‌: "به‌‌هیچ شێوەیه‌ک بۆچوون و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان نییه‌." 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش رۆژی شەممە 25-09-2021 راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی دەگرێتە ەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و هەروەها کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیێنێت لە هەر لایەکەوە بن."
  
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێکخەرانی ئەو کۆنفرانسە بەرپرس دەبن و.. رێکاری پێویستیش لەبەرامبەر چۆنییەتی بەستنی ئەو کۆبوونەوەیە دەگرینەبەر."
 
هەواڵی کۆنگرە هەر زوو گەیشتە ئیسرائیل و لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە، لە هەمان رۆژدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل قسەی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە کرد و گوتی: "ئەو رووداوە سەرچاوەیەکی هیوا و گەشبینییە". کەمتر لە 24 کاژێر، سەرکردە دیارەکانی عێراق و حکومەت هاتنە دەنگ دژی ئەو کۆبوونەوەیە. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە کۆبوونەوەکە بەبێ رەزامەندی و ئاگاداریی کراوە و لێپێچینەوەی لێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق.

شیعە چاوەڕێی سوننەیە؛ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەدرێتە عەسائیب؟

چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن سوننەکانەوە دەکات، بۆ ئەوەی پشکی خۆی کە جێگری یەکەمە دیاری بکات؛ ئاماژەکان بۆ ئەوەن پۆستەکە بۆ "عەسائیبی ئەهلی حەق" دەبێت.