رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەلایەن 9 مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراوە، کۆدەبێتەوە. سکاڵاکە داوا دەکات پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، ئاوات ئازاد، یەکێک لەو مامۆستایانەی سکاڵاکەی تۆمارکردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵاکەی ئێمە دەکات. هەموو بەڵگەنامە، نووسراو، بڕیار و رێنماییەکانمان رادەست کردوون. سکاڵاکەمان بە بەڵگەنامەکان پشت ئەستوورە. ئومێدمان وایە بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بدرێت".
ئاوات ئازاد گوتی، "ئێمە و پارێزەرەکەمان لە بەغدا ئامادە دەبین و بەرگری لە سکاڵاکەمان دەکەین."
لە سکاڵاکەیاندا کە ژمارە 247ـی فیدراڵیی ساڵی 2023ـی هەیە، سکاڵاکاران داوایانکردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2018ـی هەموارکراوی فیدراڵی وەک خۆی، بەتایبەت مادەکانی (6، 7، 8، 9)ـی یاساکە و ئەو بڕیار و رێنماییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبووەشێنێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن هەریەک لە ئەژی بەرزان عارف، محەممەد حوسێن کەریم، خەبات لەتیف مارف، نەجمەدین محەممەد ساڵح، دلاوەر عەلی محەممەد ساڵح، ئاوات ئازاد محەممەد، دڵشاد محەممەد ئەمین سەعید، سامان عەلی ساڵح و رێبوار باهر ئەحمەد تۆمارکراوە کە فەرمانبەر و مامۆستان لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارە ئابوورییەی لەسەری دروستبوو، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
دانیشتنەکەی دادگەی فیدراڵی لەکاتێکدایە، رۆژی 10-9-2023، دادگەکە سکاڵایەکی رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە کە داوای کردبوو دادگە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 56ـی ساڵی 2015ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بدات، کە بەپێی ئەو بڕیارە، سەرجەم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ