مەسیحییەکانی بەغدا جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر مەسیح دەگێڕن

26-12-2019
مصطفى گوران
جەژنی کریسمس لە کەنیسەی سەیدە زهوور لە بەغدا
جەژنی کریسمس لە کەنیسەی سەیدە زهوور لە بەغدا
نیشانەکردن جەژنی کریسمس
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

هەرچەندە دۆخی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی مەسیحییەکان ئاوارەی وڵاتان ببن، بەڵام ئەو مەسیحییانەی لە بەغداد ماونەتەوە، لە کەنیسەی سەیدە زهوور لە کەڕادە جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا دەگێڕن.
 
جۆزیف زەبەریان، سەرۆکی تایفەی ئەرمەنییە کاسۆلیکەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کەمینەیەکی کەم لە مەسیحییەکان لە عێراق ماون، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە مەسیحی لە عێراق کۆتاییان پێهاتووە. ئێمە لێرەین و هانی رۆڵەکانمان دەدەین کە لە عێراق بمێننەوە".
 
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی کەنیسەی ئەرمەنەکان، بەهۆی رووداوەکانی ساڵی 2003 و دواترەوە، نزیکەی ملێۆنێک و 500 هەزار مەسیحیی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیان بەرەو هەرێمی کوردستان و هەندەران بەجێهێشتووە. ژمارەیان وا کەم بووەتەوە کە لە هەندێک شوێن بوون و ژیانی ئەو پێکهاتە دێرینەی عێراق بووەتە مێژوو.
 
هودا لویز، مەسیحییەکی شاری بەغدایە و دەڵێت "لەبەرئەوەی ژمارەمان کەمە و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوو، بێگومان کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەوەی ژمارەی مەسیحییەکان لە کەنیسەکاندا کەمببێتەوە. ئێستا خانەوادەکان کەمبوونەتەوە و پەرتەوازەبوون. خێزانی ئێمە لە هەموو کیشوەرێک هەن".
 
مێژووی وڵاتی دوو رووبارەکە بە ناو و شارستانییەتی مەسیحییەکان ئاخنراوە. ئەو کەمینە روو بە نەمانەی عێراق، خۆیان بە خاوەنی مێژووی ئەو وڵاتە دادەنێن و بەشێک لە دراوسێ مسوڵمانەکانیان گەواهیی ئەوەیان بۆ دەدەن.
 
هەدیل عەبدوڵڵا، موسڵمانێکی بەغدایە و دەڵێت "ئەوە راستییە کە ئەوان زۆر رێکوپێک و ئاشتیخوازن. بەدرێژایی مێژوو ئەمە سەلمێندراوە. بەتایبەت لەم دواییەدا دەرکەوت کە ئاشتیخوازن و دڵسۆزی وڵاتەکەیانن".
 
بەپێی ئاماری دیوانی ئەوقافی مەسیحی و ئایینەکانی ئێزدی و سابیئە، ئێستا لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ژمارەی مەسیحییەکان لە 300 هەزار کەس تێناپەڕێت. هەروەها لەدوای ساڵی 2003وە تاوەکو ساڵی 2018 زیاتر لە هەزار و 140 مەسیحی کوژاون و نزیکەی 95 کەنیسە و دێر و شوێنی ئایینیی مەسیحییەکان، ئێزدی و سابیئە سووتێنراون و تەقێنراونەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە