رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، لیژنەیەکی باڵای هاوئاهەنگیی هاوبەش پێکهێنراوە و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە هێرشی "تیرۆریستی" و پاراستنی سەروەریی عێراق.
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، رۆژی پێنجشەممە 26ی ئادار، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەچوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا بڕیاریاندا هاوئاهەنگییەکانیان چڕتر بکەنەوە بە مەبەستی رێگریکردن لە "هێرشی تیرۆریستی"؛ هەروەها جەختکراوەتەوە کە نابێت خاکی عێراق وەک خاڵێکی دەستپێک بۆ هەر دەستدرێژییەک دژی گەلی عێراق، هێزە ئەمنییەکان، دامەزراوە ستراتیژییەکان، هێزەکانی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەکاربهێندرێ.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەشێکی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا تایبەتە بە دۆخی ناوچەکە و "هەردوولا پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بە دوورخستنەوەی عێراق لە هەر ململانێیەکی سەربازی."
هەروەها ئەمریکا پشتیوانی خۆی دەربڕی "بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و دڵنیایی لەوەی کە خاک، ئاسمان و ئاوە هەرێمییەکانی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەکارنەیەت."
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاندووە، عێراق و ئەمریکا پابەندن بە هاوئاهەنگی لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە جۆرێک کە "کاری لەپێشینە بۆ هێزە عێراقییەکان بێت" لە بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی تەواوی سەروەریی خاکەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ