وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق: 6 ملیار مەتر سێجا ئاو بۆ کۆگەی ستراتیژی زیادبووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێ، سەرکەوتوو بوون لە بەڕێوەبردنی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکانی دوایی و توانیویانە کۆگای ستراتیژیی ئاوی وڵات بە بڕی شەش ملیار مەتر سێجا زیاد بکەن.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی وەزارەتەکە، پلانێکی تۆکمەیان بۆ سوودوەرگرتن لەو باران و لافاوە جێبەجێ کردووە کە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی گرتووەتەوە.
 
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەوڵەکان بوونەهۆی زیادکردنی شەش ملیار مەتر سێجا ئاو بۆ بەنداو و کۆگا سەرەکییەکان". لەو بڕەش، نزیکەی دوو ملیار مەتر سێجا ئاو ئاراستەی دەریاچەی سەرسار لە باکووری رۆژئاوای بەغدا کرا بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئاستی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە وەرزەکانی داهاتوودا.
 
هەروەها دەریاچەی حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار دوای چەندین ساڵ لە کەمبوونەوەی ئاوەکەی، جارێکی دیکە بوژاوەتەوە و نزیکەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بۆ زیاد کراوە، "ئەمەش بووەتە هۆی باشتربوونی کواڵیتیی ئاوی دەریاچەکە. هاوکات ئاستی ئاوی بەنداوی حەدیسەش لە پارێزگای ئەنبار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە."
 
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەم وەرزی بارانبارینە، پێداویستییەکانی وەرزی کشتوکاڵی زستانەی بە تەواوی دابین کردووە. لەلایەکی دیکەوە، ئاستی ئاو زۆنگاوەکان بەرزبووەتەوە "کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ژینگە و بژێوی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەبێت."
 
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاندووە: "یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکانی بەڕێوەبردنی ئەم شەپۆلە، باشتربوونی کواڵتیی ئاوی پارێزگاکانی باشوور و بەتایبەتی پارێزگای بەسرە بووە؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی زیادبوونی پاڵنەری ئاو و کەمبوونەوەی رێژەی خوێ لە رووبارەکاندا، کواڵیتیی دابینکردنی ئاو بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە "زۆر باشتر" بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە