عەلی زەیدی چۆن لەنێوان مالیکی و سوودانیدا هەڵبژێردرا؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

پڕۆسەی هەڵبژاردنی عەلی زەیدی بۆ بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک بوو لە "کتوپڕترین" بڕیارە سیاسییەکان کە دوای گەیشتنی ململانێی جەمسەرەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە بنبەست هاتە کایەوە.
 
وائیل رووکابی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا، وردەکاریی ئەو "پڕۆسە نهێنییە" ئاشکرا دەکات کە زەیدی لەنێو کێبڕکێی مالیکی و سوودانیدا وەک بەربژێر دەرکەوت.
 
قۆناخی بنبەست؛ نە مالیکی و نە سوودانی
 
وائیل روکابی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا و ئەندامی (روانگەی نیشتمانی بۆ میدیا) لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "لە دوو کۆبوونەوەی کۆتایی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ململانێی نێوان نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی گەیشتە خاڵێک کە پێی دەگوترێ "خاڵی داخراو". هیچ لایەکیان ئامادە نەبوو بۆ ئەوی دیکە پاشەکشە بکات. لەم کاتەدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیارێکی ستراتیژییان دا، ئەوەش بریتی بوو لە "گەڕاندنەوەی تۆپەکە بۆ گۆڕەپانی مالیکی و سوودان و داوایانکرد کۆبوونەوەی دوو قۆڵی بکەن و رێکبکەون".
 
کۆبوونەوە نهێنییەکانی ماڵی مالیکی و فەییاز
 
پڕۆسەی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران لە چەند دانیشتنێکی تایبەتدا چڕبووەوە. بۆ ئەو مەبەستە سێ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەنێوان مالیکی و سوودانی کرا. 
 
وائیل روکابی دەڵێ: "نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی دووجار لە ماڵی مالیکی کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن لەسەر بەربژیری سێیەم کە جێگەی رەزامەندی هەردوولا بێت و دوایین کۆبوونەوەش لە ماڵی فالح فەییاز بوو، کە تێیدا مالیکی و سوودانی و فەییاز پێکەوە کۆبوونەوە. لەم دانیشتنەدا گەیشتنە لیستی کۆتایی کە تەنیا سێ ناو بوون یەکێک لەو ناوانە عەلی زەیدی بوو". 
 
پشتگیری عەلی زەیدی
 
عەلی زەیدی شەوی 27 نیسان وەک بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاریکرا. وائیل روکابی دەڵێت: " لەنێو ئەو سێ ناوەی دەستنیشان کرابوون، عەلی زەیدی وەک بەهێزترین بژاردە دەرکەوت. ئەو نە سەر بە تیمی مالیکی بوو و نە تیمی سوودانی، ئەمەش وایکرد هەردوولا وەک گەرەنتی بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز بیبینن".
 
وائیل روکابی دەڵێ: "دوای ئەوەی مالیکی و سوودانی لەسەر زەیدی رێککەوتن، ناوەکەیان هێنایەوە نێو کۆبوونەوەی گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. لەوێ پرۆسەی دەنگدانی فەرمی ئەنجامدرا و لە کۆی 12 سەرکردەی باڵای نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، 10 سەرکردە دەنگیان بە عەلی زەیدی دا.هەرچەندە سوودانی و حەکیم لە رێورەسمی راسپاردنەکە بەشدار نەبوون، بەڵام پشتگیریان کرد". 
 
عەلی زەیدی کێیە؟ لۆژیکی ئابووری لەبری ململانێی سیاسی
 
نەناسراوی عەلی زەیدی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا خاڵی بەهێزی بوو. رووکابی بەرگری لەم بژاردەیە دەکات و دەڵێت:
 
• پاشخانێکی ئابووری: زەیدی کەسایەتییەکی ئابوورییە و لە ئیمارات نیشتەجێ بووە، ئەمە هاوتایە لەگەڵ مۆدێلی نوێی جیهانی کە تێیدا "ئابووری سەرکردایەتی سیاسەت دەکات".
 
• پەیوەندی نێودەوڵەتی: هێشتا کابینەکەی پێکنەهێناوە، پەیامی پیرۆزبایی لە وڵاتانەوە پێگەیشتووە.
 
• دوور لە گرژی: وەک کەسایەتییەکی نێوەندگیر دەردەکەوێ کە دەتوانێت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان (شیعە، سوننە و کورد) گفتوگۆ بکات.
 
کورد و سەدرییەکان
 
روکابی پێیوایە هەر حکومەتێک بێ رازیبوونی سەرۆک بارزانی و  پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر پێکبهێنرێت، "حکومەتێکی شەل" دەبێت و ناتوانێت چوار ساڵ بەردەوام بێت.
 
روکابی  دەڵێت: "سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی گرنگە  و کەس ناتوانێ رۆڵی سەرۆک بارزانی نادیدە بگرێ" و داوادەکات کە زووترین کات شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بچنە لای "سەرۆک مەسعود بارزانی" بۆ رازیکردنی پارتی بە بەشداریکردن لە حکومەت".
 
فاکتەری ئەمریکا و سەروەریی نیشتمانی
 
لە کاتێکدا عێراق لەژێر گوشاری گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکادایە بۆ سەر ئێران، رووکابی دەڵێت تاوەکو ئێستا هیچ "ڤیتۆ"یەکی فەرمی لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا یان وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دژی زەیدی بوونی نییە.
روکابی باس لەوە دەکات کە پێویستە بڕیارەکە "عێراقییانە" بێت و نابێت چاوەڕێی رەزامەندی دەرەکی بن، بەڵکو دەبێت ڕەزامەندییەکی نیشتمانی هەبێت.
 
30 رۆژ بۆ تاقیکردنەوەی راستەقینە
 
وائیل روکابی ئاماژە بەوە دەکات کە عەلی زەیدی 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت. گەورەترین ئاڵنگاری بەردەمی، تەنها پێکهێنانی کابینەکە نییە، بەڵکو رازیکردنی هەموو "ماڵە سیاسییەکان"ە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتێکی بەهێز کە بتوانێت رووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانی رێنمایی نوێ دەردەکات: پێویستە وەزیرەکان کارئاسانی بۆ حکومەتی نوێ بکەن

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک رێنمایی ئاراستەی وەزیرەکانی کابینەکەی دەکات و داوایان لێدەکات هەموو جۆرە پاڵپشتی و ئاسانکارییەک بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و حکومەتی داهاتوو بکەن