بەغدا پارە دەداتە کەسوکاری شەهیدەکانی هێرشە سەربازییەکانی سەر هەرێمی کوردستان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
  
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بڕە پارەیەک بۆ کەسوکاری کوژراوانی هێرشەکانی ئەم  دواییەی سەر عێراق تەرخان بکات و کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 28ی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. پرسی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان و بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی ژێرخان تاوتوێ کران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە: "بڕە پارەیەک تەرخان بکرێ بەمەبەستی خەرجکردنی وەک شایستەی دارایی بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سەر خاکی عێراق، بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیشەوە."
 
رۆژی 25ی نیسانی 2026 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە هەرێمی کوردستان 809 هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 20 شەهید و 123 بریندار هەن.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی تەواوی دایە کۆمپانیای (سۆمۆ) بۆ ئەوەی هەموو رێگەکان بەکاربهێنێت بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت و وتووێژکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی ئامادەی کڕینی بڕی زیاتری نەوتی خاون.
 
بۆ بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییانی سپایکەر، بڕیاردرا رۆژی 12-06-2026 لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت خولەکێک بێدەنگی هەبێ، هەروەها لە 11ـی حوزەیرانەوە بۆ 10 رۆژ لۆگۆیەکی تایبەت بەو یادە لەسەر نووسراوە فەرمییەکان دابنرێ.
 
دەسەڵات درایە فەرمانگەی ئاوی بەغدا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خێراکان و کڕینی پێداویستییەکانی پاککردنەوەی ئاو بەبێ رۆتین. هەروەها بڕیاردرا پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەکان لە ناوچەی زۆنگاوەکان جێبەجێ بکرێ و نرخیشیان بەپێی گۆڕانکارییەکانی ئێستا هەموار بکرێتەوە. بڕیاری لێخۆشبوونی ڤیزە لەنێوان عێراق و لیبیا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری درا. وەزارەتی ناوخۆ سەرپشک کرا بۆ کڕینی کەرەستەی سەربازی لە کارگەکانی سەر بە  سندووقی شەهیدانی پۆلیس بە شێوەی گرێبەستی راستەوخۆ.
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە لە چاودێریکردنی وردی کارەکانی حکومەت و شەفافیەت لە خەرجییەکاندا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی زەیدی

زەیدی.. "بەربژێری شۆک" چۆن و بۆچی هەڵبژێردرا؟

عەلى زەیدى وەک بەربژێری سێبەر لەپشت ناوە پێشنیازکراوەکانى شیعە دەرکەوت و بووە بەربژێرى فەرمیی سەرۆکوەزیرانى عێراق، شیعەکان بە کۆدەنگى بردیانە کۆشکى سەرۆککۆمار بۆ راسپاردنى پێکهێنانى حکومەت، بەڵام چوار لە سەرکردەکانیان تەنیا پشتگیرییان کردووە و دەنگیان پێنەداوە