وەزیری بازرگانیی تورکیا و وەزیری پلاندانانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە

28-08-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەممەد تەمیم، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق کۆبووەوە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە سەردانی هەولێریش بکات.
 
وەکو پلانی بۆ دانرابوو، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28-08-2023 عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا گەیشتە بەغدا و لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ محەممەد تەمیم، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق باسیان لە پەیوەندییەکانی بەغدا - ئەنقەرە و چەند بابەتێکی دیکە کرد.
 
چاوەڕێ دەکرێت رۆژی سێشەممە وەزیری بازرگانیی تورکیا لەگەڵ عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکەدا کۆببێتەوە.
 
بەگوێرەی پلانەکان، وەزیری بازرگانیی تورکیا رۆژی چوارشەممە سەردانی هەولێریش دەکات و لەگەڵ بەرپرسان کۆدەبێتەوە.
 
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی 24-08-2023 لە کاتێکدا گەیشتە هەولێر کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەشی لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە دیدار و کۆبوونەوەدا بوو.
 
هەروەها رۆژی 22ی ئابی 2023 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبووەوە و دواتر هەردوولا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە؛ دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023 زیانی بەرکەوتووە، "گرنگە لە زووترین کاتدا دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە."
 
لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، تورکیا و عێراق چەند جارێک دانوستاندنیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتەکە کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە