رووداو دیجیتاڵ
دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە لە عێراق سەرکۆنەی رووداوی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە دەکەن و دەڵێن، "بووەتە هۆی بریندارکردنی هەستی دوو ملیار موسڵمان" و داوا دەکەن ئەو وڵاتە رێگە بەو کارانە نەدات.
رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 لە کاردانەوەی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، دیوانی وەقفی شیعە رایگەیاند، "جارێکی دیکە سووکایەتیی قێزەونانە بە سیمبولەکانی ئایینی ئیسلام بەبێ گوێدانە هەستی دوو ملیار کەس دەکرێت، قورئانی پیرۆز رووبەڕووی دەستدرێژی و سووکایەتییەکی گەورە دەبێتەوە، ئەوە کارێکی نابەرپرسیارانەیە، چونکە تاوانێکە لە دژی سەرجەم موسڵمانان و حکومەتی سوێد بەرپرسیارێتیی بەشداریکردن لە کارەکانی هاندانی رەگەزپەرستانە لەئەستۆ دەگرێت بەهۆی رێگەپێدان بەو خۆپێشاندانە قێزەونە."
هەروەها لەگەڵ ئەوەی پێیوایە ئەو کارە هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە، داوا لە رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی دەکات، "لە دژی ئەو رەفتارانە بوەستنەوە و بڕیارێکی نێودەوڵەتیش دەربکرێت دژی هەر هەڵوێستێک بێت کە ببێتە هۆی رق و تێکدان و تووندڕۆیی لەنێو تایفە و ئایینە جیاوازەکان، کارکردن بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی و دژایەتیکردنی تووندڕۆیی ئایینی و پابەندکردنی هەمووان بە رێزگرتن لە سیمبولە ئاینییەکان."
دیوانی وەقفی سوننەش لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە بەناوی سەلوان مۆمیکا کرد و رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو کارە قێزەونە دەکەین کە تووندڕۆیەک پێی هەستاوە لە وڵاتی سوێد و هیچ پەیوەندییەکی بە ئاشتییەوە نییە، هەروەها سەرکۆنەی رێگەپێدانی دەسەڵاتدارانی سوێد دەکەین بەهۆی ئەو دەستدرێژییە روون و ئاشكرایە لەسەر پیرۆزترین کتێبەکان کە قورئانی پیرۆزە و بەردەوام لە رێنوێنییەکانیدا بانگەشەی بۆ ئاشتی و رێزگرتنی ئایینەکانی دیکە و پێکەوەژیان کردووە و شەریعەتی پیرۆز بۆی روونکردووینەتەوە."
دیوانی وەقفی سوننە لە راگەیێندراوەکەیەدا ئاماژە بەوە دەکات، "خوای مەزن کتێبەکەی لە هەموو شێواندن و دەستکاریکردنێک پاراستووە" و دەستدرێژیکردنەسەری، بەپێی راگەیێندراوەکە، "تەنیا موسڵمان زیاتر پابەند دەکات." دەشڵێت، "ئەو دەستدرێژییە سووکایەتییەکی زۆرە بە کتێبێک زیاتر لە دوو ملیار کەس لە جیهاندا لەسەر رێڕەوەکەی دەڕۆن و ئاسانکاریکردن لەگەڵ ئەو هەنگاوانە دەبێتە هۆی وروژاندنی هەستی موسڵمانان لە جیهاندا."
هەروەها وەقفی سوننە کارەکەی بە هەراسانکردن وەسف کردووە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە نێوخۆیی و دەرەکییەکان کردووە، بۆ دەستوەردان لەو بابەتە و "راگرتنی ئەو جۆرە کارە قێزەونانە، دەبێت دژی رقلێبوونەوە و تووندڕۆیی و لێپرسینەوە لە بکەرانیان لەڕووی کۆمەڵگەیی و ئایینی و یاسایی بین."
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
لە عێراقیش رۆژی پێنجشەممە، خۆپێشاندان لەبەردەم باڵەخانەی سوێد لە بەغدا دەستیپێکرد و خۆپێشاندەران چوونە نێو باڵەخانەکە و دواتر ئاڵای ئەو وڵاتەیان سووتاند.
رۆژی 29ى حوزەیرانى 2023 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنەکە رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسە دەگیرێتەبەر، کە لە سوێد قورئانى پیرۆزى سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ