رووداو دیجیتاڵ
کەتائیب سەید شوهەدا رایدەگەیێنێت، پلان هەیە ناوەندەکانی دەنگدان لە ناسرییە بکرێنە ئامانج.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتائیب سەید شوهەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەندێک لە "چالاکڤانان" بانگەوازی ئەوە دەکەن هەڵبژاردن نەکرێت "یان رێگە بە خەڵک نەدرێت ئەو مافەی خۆیان پراکتیزە بکەن. بە راشکاوانە ئەو بانگەوازە کراوە لە رێگەی کەناڵ و شوێنەکان و ناوەکانیشیان زانراوە".
گوتەبێژەکەی کەتائیب سەید شوهەدا ئاماژەی بەوەشکرد کە زانیاریی وردیان هەیە "ئەو گرووپانە پلانیان هەیە، لایەنی کەم ناوەندەکانی دەنگدان لە ناسرییە بکەنە ئامانج، گرووپ هەیە بە نیازن رێگەنەدەن خەڵک بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەیانەوێت تایەی ئۆتۆمبێل بسووتێنن، یان کاری لەو شێوەیە لە ناوچەکانی هەڵبژاردن بکەن".
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت، بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.
لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا کازم فەرتووسی گوتی، "ئێمە ترسمان هەیە، پرۆسەی دەنگدان پارێزراو نەبێت و رێگە لەو جۆرە سەرپێچییانە نەگیرێت، بەمەش کۆی پرۆسەکە بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، چونکە پێویستە کورسییەکانی پەرلەمان تەواو بکرێن. هەر وەستانێک یاخود هەڵوەشانەوە، یان فەرامۆشکردنی ناوچەیەکی هەڵبژاردن، واتا وەستاندنی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردن، یاخود دواخستی هەڵبژاردنە، کە ئێمە لەمە دەترسین".
گوتەبێژی کەتائیب سەید شوهەدا جەختی لەوەکردەوە "پێویستە حکومەت پابەندبوونەکانی خۆی بسەلمێنێت بۆ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان لەو جۆرە پێشێلکارییانە".
سەید شوهەدا گرووپێکی چەکداری و سیاسیی شیعەیە بە سەرۆکایەتیی وەلا وەلائی کە لەژێر چەتری حەشدی شەعبی کاردەکەن.
ئەم گرووپە لەلایەن نەیارەکانیانەوە بە نزیکی لە ئێران تۆمەتبار دەکرێن، لە شەڕی نێوخۆی سووریاش هاوشانی سوپای سووریا شەڕیان کردووە و بەرگرییان لە حکومەتی سووریا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ