رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختی لە یەکڕیزیی نێو ئەو هاوپەیمانێتییەی شیعەکان کردەوە و داوای لە یەکێتی و پارتی کرد پرسی سەرۆکایەتیی کۆمار یەکلا بکەنەوە.
ئەو هەڵوێستەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێنراوێکدا بوو لە دوای کۆبوونەوەی شەوی 23ی شوباتی 2026.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە بەشدارانی کۆبوونەوەکە "زۆر پەرۆش بوون" بۆ یەکڕیزیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەردەوامبوونیان لە سۆنگەی ئەمەکداری بۆ ئەو متمانەیەی دەنگدەرانیان لە هەڵبژاردندا پێیان داون.
پێکهێنەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەهۆی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ڤیتۆی ئەمریکییەکان لەسەری، جیاوازی کەوتووەتە نێوانیان.
ئەو هاوپەیمانێتییە داوایان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، پرسی سەرۆکایەتیی کۆمار یەکلا بکەنەوە بۆ پاراستنی بەرکەوتە دەستوورییەکان.
تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون و هەریەکەیان بەربژێرێکی خۆی هەیە.
لەبارەی ئەو کێشەیەی کە بەم دواییە لەگەڵ کوەیت دروست بوو بەهۆی رادەستکردنی نەخشەی سنوورە دەریاییەکانی عێراق بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند کە پابەندن بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بۆ بونیاتنانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ، "هەروەها عێراق مافی خۆیەتی گەرەنتیی بەرکەوتە نیشتمانییەکانی بکات."
لەبارەی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا، ئەو هاوپەیمانێتییە داوای کردووە زمانی دانوستاندن زاڵ بکرێت: "جەنگ جگە لە کێشەی گەورەتر هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ