رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوێد دەکات و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکات و "پەیامەکانی بەخێرایی و بە تووندی بگەیێنێت و هەموو شتێک بکات کە پێویست بێت."
رۆژی هەینی 30-6-2023، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی سووتاندنی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوێد بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "جارێکی دیکە و لە هەنگاوێکی زۆر سەرکۆنەکراو و هەراسانکاری جیهانی ئیسلامی و زیاتر لە دوو ملیار موسڵمان لە جیهان یەکێکیان کە کتێبی خودا بە گێلەکان ناوی بردوون سووکایەتییەکی کردووە کە بەڵگەیە لەسەر تووندڕۆیی بۆچوونی بکەرەکەی و وەحشیگەرایی بیرکردنەوە و رەفتاری."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو کارە سەرکۆنە دەکات و دەڵێت: "چاوپۆشی کردن و رێگەپێدان بەو کارە کە حکومەت و سیستمەکان بە پاساوی ئازادی رادەربڕین بە یەک ئاڕاستە جێبەجێی دەکەن، دوورە لە بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و مەزهەب و نەتەوەکان، بەوەش سەرجەم یاساکانیان پشتگوێ خستووە کە رێگە بە دەستبردن بۆ پیرۆزییەکان نادات."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کە زۆرینەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراقیان هەیە، پشتیوانییان بۆ مەرجەعی باڵایان دووپات دەکەنەوە، لەو پەیامەی دوێنێ بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە و داوا دەکات "هەموو هەنگاوێک بگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رەفتارانە و هاندانی وڵاتان بۆ پێداچوونەوە بەو یاسایانەی کە رێگە بەو رەفتارانە دەدات."
هاوپەیمانێتییە شیعییەکە داوای لە جەماوەریش کردووە هەڵوێستییان هەبێت و دەستپێشخەرییان هەبێت بۆ دژایەتیکردنی ئەو رەفتارەی بە تووندەڕوانە ناوی هێناوە.
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ