رووداو دیجیتاڵ
رەوتی سەدر کارنامەی خۆی لە کاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13 خاڵدا چڕکردەوە و بەڵێنیدا جێبەجێیان بکات.
رۆژی پێنجشەممە 30-09-2021 حەسەن عەزاری، گوتەبێژ بە ناوی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و بە ئامادەبوونی سەرجەم بەربژێرانی رەوتەکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 13 خاڵی وەکو کارنامەی رەوتی سەدر بۆ خەڵکی عێراق باسکرد کە ئەگەر پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران وەربگرن، جێبەجێیان دەکەن:
1- دروستکردنی سێ هەزار قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی دوو هەزاری دیکە لە ماوەی سێ ساڵدا.
2- دروستکردنی نەخۆشخانە و چالاککردنی بیمەی تەندروستی لە ماوەی یەک ساڵی تەمەنی کابینەی حکومەتدا.
3- باشکردنی ئاستی بژێویی خەڵک و دروستکردنی 30 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ماوەی سێ ساڵدا.
4- جێبەجێکردنی بەرنامەی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و تۆمارکردنی هەموو کرێکار و خاوەن پیشەکان لە سیستەمی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و گرنگیدانی زیاتر بە کۆبۆنی خۆراک.
5- بایەخدان بە وەبەرهێنانی دەرەکی و ئاسانکردنی کارکردن بۆ وەبەرهێنەران لەنێو عێراق.
6- دەستپێکردنی پلانێکی نیشتمانی بۆ چالاککردنی یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.
7- بایەخدانی زیاتر بە وزە و کارەبا و چاککردنی وێستگەکان و بونیادنانی وێستگەی وزەی نوێبووەوە.
8- پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی کشتوکاڵ و زیادکردنی هەناردەکردنی بەرهەمەکان.
9- چالاککردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی.
10- کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو؛ ئاسایشی شارەکانیش دەدرێتە وەزارەتی نێوخۆ.
11- بەهێزکردنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ئەنجامدانی چاکسازیی کارگێڕی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی تەمەنی حکومەت.
12- پشکی نەوت بۆ هەر توێژێکی کۆمەڵگە.
13- ناردنی یاسایەک بۆ پەرلەمان بۆئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ