عێراق
هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. وێنەکە لەلایەن دیجیتاڵ میدیای رووداو بە ژیریی دەستکرد دروستکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی واژۆکردنی گرێبەستێک دەکات بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کۆمپانیایەکی بەریتانی، هەروەها بڕیار لەسەر خەرجکردنی پارەی گرێبەستێکی دیکە دەدات بۆ پڕچەککردنی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆریای باشوورەوە.
ئەو پرسانە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ دەکرێن کە ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئازاری 2026 دەکرێت.
رووداو کارنامەی ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران و هاوپێچەکەی دەست کەوتووە کە لە 11 بڕگە پێکهاتووە و بەشێکیان پەیوەندیدارن بە پرسی بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و پڕچەککردنى هێزە ئەمنییەکانى.
یەکێک لەو بڕگانەی کە بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی بکات، گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانییە لەگەڵ کۆمپانیای (MSI)ـی بەریتانی.
ئەو گرێبەستە لەسەر بنەمای "تەنیا دەرخستە"یە کە بەگوێرەی یاسای گرێبەستە گشتییەکانی ساڵی 2025 دەکرێ.
لەو بڕگەیەدا هاتووە کە قەواڵەیەکی دارایی بەبڕی 100 هەزار دۆلار دەکرێتەوە بۆ شایستەی دارایی گرێبەستەکە و بڕە پارەکەی دیکەی لە ساڵانی داهاتوودا بەگوێرەی تەرخانی دارایی وەزارەتی بەرگری لە یاسای بودجەدا دەدرێ، ئەوەش بەگوێرەی خشتەی ئامادەکاریی خێرا کە لە گرێبەستەکەدا هاتووە.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند داواکارییەکی دیکەی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرگریی ئاسمانی تاوتوێ دەکات کە لە کارنامەکەدا بە "زۆر پێویست" ناوی هاتووە.
یەکێک لە بڕگەکانی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردانە لەبارەی پارەدانی دوو گرێبەست کە لە ساڵی 2024 لەگەڵ کۆمپانیای (SNT MOTIV)ـی کۆریای باشوور واژۆ کراوە بۆ پڕچەککردنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
بەگوێرەی بڕگەکە، ئەو گرێبەستە بۆ دابینکردنی چەک بۆ پۆلیسی فیدراڵی، پاسەوانی سنوور، هێزی کاردانەوەی خێرا و بەڕێوەبەرایەتیی ژێرخانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆیە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا تاوتوێی دروستکردنی ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بەو پرسە.
ئەو بڕیارانەی حکومەتی فیدراڵی بۆ بەهێزکردنی هێزە ئەمنییەکان و پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەیە، لەکاتێکدایە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، ئاسمانی عێراق لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەوە دەبەزێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ