رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە باس لە چۆڵکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی چۆڵکردنی فڕۆکەخانە بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە؛ هیچ بارێکی نائاسایی یان چۆڵکردنێکی کارمەندان لە ئارادا نییە."
لەبارەی داخستنی هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە، بەڕێوەبەرایەتییەکە روونی دەکاتەوە، داخستنی دەروازەی هۆڵەکانی (بابل و سامەرا) تەنیا رێکارێکی رێکخستنە و بەهۆی ئەوەیە کە لەم کاتەدا هیچ گەشتیارێک نییە، نەک بەهۆی بوونی بارێکی نائاسایی یان چۆڵکردنی فڕۆکەخانە بێت.
ئەم روونکردنەوەیەی لەکاتێکدایە، عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی درێژکردووەتەوە. بڕیاردراوە بە راگرتنی هەموو گەشتە هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبووەکان (ترانزێت) بۆ ماوەی 72 کاژێری دیکە.
بەپێی بڕیارەکە، داخستنی ئاسمانی عێراق کە لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی شەممە 28-03-2026 دەستیپێکردووە، تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی سبەی سێشەممە 31-03-2026 بەردەوام دەبێت.
جیهاد دیوان، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاری داخستنی ئاسمانی عێراق رێکارێکی خۆپارێزییە و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامە بۆ دۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە."
گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەخانەکان لە تەواوی ئامادەییدان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و پێشوازیکردن لە فڕۆکەکان، هەر کاتێک بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی وڵات درا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ