ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز: دوای بودجە لە پەرلەمان یاسای نەوت و گاز پەسند دەکرێت

31-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای پەسەندکردنی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، پەرلەمان رەشنووسی یاسای نەوت و گاز تاوتوێ دەکات و بەشێکی ئامادەکراوە. دەشڵێت، "لێکتێگەیشتنی باش لەبارەی بەشێک لە رەشنووسێکی پێشنیازکراو لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کراوە."   

رۆژی چوارشەممە، 31-05-2023، عەلی شەداد جۆرانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای پەسندکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پەرلەمان تاوتوێی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز دەکات، کە ئێستا لەدوای رەشنووسی یاسای بودجە پێویستترین یاسایە عێراق نیەتی، بۆیە ئێمە لەدوای پەسندکردنی رەشنووسی بودجە، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین رەشنووسێکمان بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی دەست بە تاوتوێکردنی بکەین."
 
جۆرانی گوتی: "ئێستا حکومەت سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسێکە لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لیژنەی هونەری و یاسایی ئەم مژارەیان گرتووەتە ئەستۆ، بەتایبەت دوای ئەوەی بابەتی نەوت و گاز لە بابەتێکی سیاسییەوە بووەتە بابەتێکی هونەری و یاسایی، لەبارەی ئەو رەشنووسەوە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە و گەشبینین بەوەی بگەن بە چارەسەر."
 
عەلی شەداد جۆرانی پێیوایە یاسای نەوت و گاز جگە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بابەتی سامانە سرووشتییەکان رێکدەخات و وادەکات وەبەرهێنانی بیانیش بۆ هەموو عێراق پەیدا بکات بۆ بەکارهێنانی باشترین بۆ ئەو سامانە لەپێناو خۆشگوزەرانیی عێراقییەکان.
 
سەبارەت بە رەشنووسی پێشنیازکراویش کە حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی خستوویەتییە نێو لەپێشترینەکانی کارنامەی حکومەت، جۆرانی گوتی: "پێشتر سێ رەشنووسی یاسا هەبوو، بەڵام ئەوەی ئێستا ئامادە دەکرێت رەشنووسێکی نوێیە و جیاوازە لەو رەشنووسانە."
 
لە 2007ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەرى لە پەرلەمان پەسند نەکران. 
 
بێوار خنسی، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆچی دواییکرد، رۆژی سێشەممە، 30-5-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لێکتێگەیشتنی نوێ لەبارەی رەشنووسە نوێیەکە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ داڕشتنی رەشنووسی نوێی یاسای نەوت و گاز هاتووەتە ئاراوە، بەڵام نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی، هەندێک بابەت هەن پێویستیان بە وردبوونەوەی زیاترە."
 
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکراوە، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتى بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە