رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیاندنی سووریا، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا، فەرحان مەنسوور، پێشنوێژ و گوتاربێژی مەزارگەی سەیدە زەینەب کوژرا.
بەگوێرەی دەزگا راگەیاندنەکانی سووریا، رۆژی هەینی هێرشێک لە رێگەی نارنجۆکەوە کراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێک لە بەردەم هۆتێلی سەفیر زەهرا لە ناوچەی سەیدە زەینەب، کە لە ئەنجامدا فەرحان مەنسوور، پێشنوێژ و گوتاربێژی مەزارگەی سەیدە زەینەب کوژراوە.
ئەدهەم خەتیب، بەڕێوەبەری نووسینگەی مەزارگەی سەیدە زەینەب لە پەیامێکدا هەواڵی کوژرانی فەرحان مەنسووری پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "هەواڵی شەهیدبوونی سەید فەرحان مەنسوور، گوتاربێژی مەزارگەی سەیدە زەینەب رادەگەیێنین، کە بە تەقینەوەیەکی ستەمکارانە کرایە ئامانج."
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە تەقینەوەکەدا هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە. دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی سووریا چوونە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ناوچەی سەیدە زەینەب کە گۆڕی زەینەبی کچی عەلی کوڕی ئەبوتالیب، چوارەم خەلیفەی راشیدینی لێیە، یەکێکە لە ناوچە دیارە ئایینییەکانی مەزهەبی شیعە لە سووریا و ساڵانە هەزاران زیارەتکار لە وڵاتانی جیاوازەوە سەردانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ