رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی سووریا یەکەم دانیشتنی بۆ دادگەییکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای رژێمەکەی ئەنجام دا؛ یەکێک لە نزیکەکانی ئەسەد بە کەلەپچەکراوی لە هۆڵی دادگە ئامادە بوو.
رۆژی یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، دادوەر فەخرەدین ئەلعەریان دانیشتنەکەی کردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکەمین دادگەییکردنەکانی دادپەروەریی لە سوریا دەستپێدەکەین"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "دادگەییکردنەکە هەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەستگیرکراون و هەم ئەو تۆمەتبارانەشی کە لە دەستی یاسا هەڵاتوون."
بەشار ئەسەد و ماهیری برای، کە بەرەو مۆسکۆ هەڵاتوون، بەبێ ئامادەبوونیان دادگەیی دەکرێن، بەڵام عاتیف نەجیب، بەرپرسی پێشوی ئەمنی و یەکێک لە خزمە نزیکەکانی ئەسەد، بە جلوبەرگی زیندان و بە کەلەپچەکراوی لە قەفەسی تۆمەتباراندا ئامادە بوو.
عاتیف نەجیب، کە لە کانوونی دوەمی 2025 و دوای روخانی رژێمی ئەسەد دەستگیرکرا، پێشتر سەرۆکی لقی ئاسایشی سیاسی بوو لە پارێزگای دەرعا، کە راپەڕینەکەی ساڵی 2011ی سووریا لەوێوە دەستیپێکرد. ئەو تۆمەتبارە بە سەرپەرشتیکردنی هەڵمەتێکی فراوانی سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی هاووڵاتییان لەو پارێزگایەدا.
سەرچاوەیەکی دادوەری سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەم دانیشتنە تەنیا بۆ "رێکارە کارگێڕی و یاساییە سەرەتاییەکان" بووە و دادوەر دانیشتنی دووەمی بۆ 10ی ئایاری داهاتوو دواخستووە.
بەپێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، دادگەییکردنەکان لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەک کەسی دیکەش دەگرێتەوە، لەوانە: وەسیم ئەلئەسەد (ئامۆزای بەشار ئەسەد)، ئەحمەد بەدرەدین حەسون (موفتی پێشووی سووریا)، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان کە لە چەند مانگی رابردوودا لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێی سوریاوە دەستگیرکراون.
ئەم دادگەییکردنە دوای ئەوە دێت کە لە کانوونی یەکەمی 2024دا، رژێمی ئەسەد دوای زیاتر لە پێنج دەیەی حوکمڕانی، بەهۆی گوشارە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە رووخا و بەشار ئەسەدیش بۆ رووسیا هەڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ