سەرکردەیەکی گرووپە چەکدارەکانی سووریا دوای ئازادکردنی لە ئیمارات، گەڕایەوە دیمەشق

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی سەربازیی سووریا ئاشکرای دەکات، عیسام بووەیدانی، سەرکردەی پێشووی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دوای نزیکەی ساڵێک لە دەستبەسەرکردنی لە ئیمارات، گەڕایەوە دیمەشق.
 
بەرپرسێکی سەربازیی سووریا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، عیسام بووەیدانی، سەرکردەی پێشووی جەیشولئیسلام گەڕایەوە دیمەشق. 
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا و مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری لە کۆشکی سەرۆکایەتی پێشوازییان لێکردووە.
 
گەڕانەوەی ئەو سەرکردەیەی پێشووی ئۆپۆزیسیۆن، رۆژێک دوای سەردانەکەی ئەحمەد شەرع دێت بۆ ئیمارات کە تێیدا لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
لە نیسانی 2025، گرووپی جەیشولئیسلام کە یەکێک بوو لەو گرووپانەی دوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکان تێکەڵ بە هێزە نوێیەکانی سووریا کرا، رایگەیاند کە بووەیدانی لە فڕۆکەخانەی دوبەی دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی بە پاسپۆرتی تورکی و بۆ سەردانێکی تایبەت چووبووە ئیمارات. تاوەکو ئێستاش هۆکاری دەستگیرکردنەکەی روون نییە.
 
لە چەند مانگی رابردوودا، لایەنگران و کەسوکاری بووەیدانی لە دیمەشق چەندین جار خۆپێشاندانیان کرد و داوایان لە دەسەڵاتدارانی سووریا کردبوو بۆ ئازادکردنی دەستوەردان بکەن.
 
جەیشولئیسلام یەکێک بوو لە گەورەترین گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان کە دژی هێزەکانی بەشار ئەسەد شەڕی دەکرد و پێشتر ناوچەی غوتەی رۆژهەڵاتی نزیک دیمەشقی کۆنترۆڵ کردبوو. لە دوای رووخانی دەسەلاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، بووەیدانی لە چەندین بۆنەدا لە تەنیشت ئەحمەد شەرعەوە دەرکەوتبوو.
 
بەگوێرەی پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس، لە شارۆچکەی دوما کە زێدی بووەیدانییە، دەیان کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە بە ئامادەبوونی هێزێکی زۆری ئەمنی ئامادەکارییان بۆ پێشوازیلێکردنی کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە