رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا زنجیرەیەک مەرجی نوێیان بۆ خۆپیشاندان لەسەر شەقامەکان راگەیاند؛ ئەمەش نیگەرانیی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە و بە هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکان ناوی دەبەن.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، هەرچەندە "مافی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ئاشتییانە" لە دەستووری راگوزەری سووریادا پارێزراوە، بەڵام دەبێت بەگوێرەی "مەرج و میکانیزمی یاسایی" بێت تاوەکو ئاسایش و مافی گشتی بپارێزرێت. ئەمە یەکەم هەنگاوی لەم جۆرەی دەسەڵاتدارانی سووریایە لە دوای لادانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لێژنەیەکی تایبەت لە ماوەی پێنج رۆژدا بڕیار لەسەر ئەو داواکارییانە دەدات کە بۆ کردنی خۆپیشاندان پێشکەش دەکرێن. بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاندووە: "ئەم بڕیارە تەنیا بۆ رێکخستنە و ئامانجی پاراستنی خۆپیشاندەرانە لە تووندوتیژی. ئەمە ئازادییەکان سنووردار ناکات، بەڵکو رێکیان دەخات."
چالاکڤانانی مافی مرۆڤ رەخنەی تووند لەم هەنگاوە دەگرن و دەڵێن ئەمە گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی "وەرگرتنی مۆڵەت" کە لە سەردەمی ئەسەددا هەبوو. میشال شەماس، چالاکڤانی مافی مرۆڤی سووری، لە فەیسبوک نووسیویەتی کە ئەم بڕیارە "هەمان ئەو مەرجانەیە کە ئەسەد لە ساڵی 2011 بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەکاری دەهێنان." شەماس ئەم بڕیارە کارگێڕییەی بە "نایاسایی و پێشێلکاریی دەستور" وەسف کرد.
لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا خۆپیشاندان بۆ بژێوی و پرسە سیاسییەکان دەکرێن کە هەندێک جار رەخنەی تووند لە دەسەڵاتدارانی نوێ دەگرن. مانگی رابردوو، خۆپیشاندانێکی بەردەم باڵیۆزخانەی ئیمارات لە دیمەشق تووندوتیژی لێکەوتەوە، کە وایکرد ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، پەیوەندی بە هاوتا ئیماراتییەکەیەوە بکات بۆ دڵنیاکردنەوەی لە پاراستنی پەیوەندییەکان.
ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا وەک کارتێکی گوشار دەبینرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقامی سووریا، لە کاتێکدا وڵاتەکە هێشتا لە قۆناخی راگوزەردایە و رووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورەی ئابووری و ئەمنی بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ