رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، روونکردنەوەی لەبارەی ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریاییانە دا کە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. وەزارەتەکە رایگەیاند، لە ساڵی 2016ـەوە، ملیۆنێک و 407 هەزار و 568 سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ، "ئێستا لە تورکیا دوو ملیۆن و 280 هەزار و 542 سووریایی تۆمارکراو ماون. بەتایبەتی دوای گۆڕانی رژێم لە سووریا لە هەشتی کانوونی دووەمی 2024ـەوە، گەڕانەوە زیاتر بووە."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتەکە، دوای رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، 667 هەزار و 565 کەسی دیکە لە تورکیاوە چوونەتەوە وڵاتەکەیان و دەشڵێت: "ئەو داتایانە لە رێگەی پشکنین لە دەروازە سنوورییەکان، راپۆرتی جووڵەی دانیشتووان و کۆکردنەوەی سەرچاوەی جیاوازەوە بە وردی ئامادە کراون."
بەگوێرەی کۆمیسیاریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)ـیش، لەو رۆژەوەی رژێمی پێشووی سووریا رووخاوە تاوەکو ئێستا، لە سەرانسەری ناوچەکە بە گشتی ملیۆنێک و 630 هەزار و 874 سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. کە زۆربەیان لە تورکیاوە بووە و ژمارەیان 639 هەزار و 995 کەس بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ