رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، د. جگەر عەفرین لە سەنگەرەکانی شەڕەوە لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب بۆ رووداو قسەی کرد و رایگەیاند؛ ئێمە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوین و سوپای عەرەبیی سووریا لە چوار باسکەوە دەیەوێت بچێتە ناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە و بەنی زەید.
بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەبارەت بە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ ئەو مەبەستە لە ئارادا نییە و هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە.
د. جگەر عەفرین سەبارەت بە هەڕەشەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە گوتی: ئێمە بەرامبەر هەر دەستێوەردانێکی تورکیا ئامادەین و دەتوانین تاوەکو کۆتایی بەرگری لە گەڕەکە کوردنشینەکان بکەین و بە توندترین شێوە وەڵامیان بدەینەوە.
د. جگەر عەفرین سەبارەت بە ناردنی هێزی سەربازی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ پشتیوانی، رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکمان نییە، بەڵام ئەگەر هێرشەکان توندتر و فرەلایەنتر بن، رەنگە بارودۆخەکە بگۆڕێت."
بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، لە دوای ڕێککەوتنی ١ی نیسانی 2025 و پاشەکشەی هەسەدە، چەکی قورسیان بەدەستەوە نەماوە و وتیشی: قورسترین چەک کە ئێستا لەبەردەستماندایە (دۆشکەی 12و درۆنی بروسک)ـن.
سەبارەت بەو پرسەی کە تاوەکو کەی دەتوانن بە چەکی سووک بەرگری بکەن، د. جگەر عەفرین وتی: وەک چۆن 14 ساڵ بەم چەکانە بەرگریمان کرد، ئەمڕۆش دەتوانین تا کۆتایی بەم چەکانە خۆڕاگری بکەین.
لێپرسراوی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە کاتێکدا بە تەلەفۆن بۆ رووداو دەدوا و لە سەنگەری شەڕدا بوو و دەنگی هاوەن دەبیسترا، ویستی پەیامی کۆتایی بڵێت و گوتی: با هەموو کەس بزانێت، چیتر کورد لە هیچ شوێنێک (چ لە ڕۆژئاوا و چ لە رۆژهەڵات و پارچەکانی دیکە) تێکناشکێت و ئێمە لە مردن گەورەترین!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ