ئاوارەیەکی سووری لە بوومەلەرزە رزگاری دەبێت و 30 ئەندامی خێزانەکەی دەکەونە ژێر باڵەخانەیەک

09-02-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
مالیک، بێهیوا بووە لە زیندوومانی کەسوکارەکەی
مالیک، بێهیوا بووە لە زیندوومانی کەسوکارەکەی
نیشانەکردن بوومەلەرزە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مالیک، لە بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی دووشەممە، کە گوندی بیسنایەی ئیدلیبی سووریاشی وێران کرد، رزگاری بوو، بەڵام لە کاتی بوومەلەرزەکەدا 30 کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی و نزیکەکانی، باڵەخانەیەکیان بەسەردا رووخا. تائێستا تەرمی 10 کەسیان دەرهێنراوە. مالیک لە زیندوومانەوەی ئەوانی دیکە بێ هیوا بووە.
 
مالیک ئیبراهیم، بە حەسرەتە بۆ ژیان و مردنی کەسە نزیکەکانی، ئەو دەڵێ "ئێمە، لەدەست مووشەکباران و بۆردوومان رزگارمان بوو، بەڵام بە بوومەلەرزە مردین. دەسەڵات لەلای خودایە و هیچمان پێناکرێت، دژی ویستی خودا ناوەستینەوە، بەڵام بەراستی ئێمە خەڵکانێکی داماوین".
 
ماڵی براکەی ئەیمەن دیری، دراوسێی ماڵی مالیکە، براکەی و هەشت برازای  لە ژێر داروپەردوودان، بەڵام وەکو مالیک هیوابڕاو نەبووە و لەو باوەڕەدایە برا و برازاکانی هێشتا زیندوون.
 
ئەیمەن دیری باس لەوە دەکات "تائێستا، هیچ دەربازبوویەکمان نەدۆزیوەتەوە لە باڵەخانەی براکەم. هیواخوازم بە زیندوویی بیاندۆزینەوە، تائێستاش تەنیا تەرمی برازایەکی تەمەن 12 ساڵمان دەرهێناوە. ئێمە دڵمان شکاوە، هەموو ماڵی براکەم لەژێر داروپەردوودان. هیچ کەسێکیش بە زیندوویی نەدۆزراوەتەوە".
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر 10 ملیۆن و 900 هەزار کەس دروستکردووە.
 
بەگشتی، تەنیا لە سێ رۆژی یەکەمی دوای بوومەلەزرەکە، تائێستا مردنی زیاتر لە 3200 کەس لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان راگەیێندراوە، هەروەها زیاتر لە 5000 کەسیش بریندار بوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە