ئەحمەد شەرع: ئەمڕۆ یەکەم رۆژی بێ سزایە بۆ سووریا؛ سەردەمی ئازار رۆیشت و کاتی بنیاتنانە

22 خولەک له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، هەڵگرتنی یەکجارەکی سزاکانی سەر وڵاتەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوبرد و رایگەیاند، دوای 14 ساڵ لە گەمارۆی ئابووری، ئەمڕۆ یەکەم رۆژە کە سووریا بێ سزایە.
 
رۆژی هەینی، ئەحمەد شەرع لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە چیای قاسیوونی دیمەشقەوە بڵاویکردەوە، قسەی بۆ خەڵکی سووریا کرد. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ واژۆکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی (یاسای قەیسەر) لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە؛ یاسایەک کە دوایین پاکێجی گەورەی سزاکانی ئەمریکا بوو بۆ سەر سووریا و لەماوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا سەپێنرابوو.
 
شەرع لە پەیامەکەیدا گوتی: "بە فەزڵی خودا و دواتر بە هەوڵ و ئارامگرتنی ئێوە لەماوەی 14 ساڵدا، ئەمڕۆ یەکەم رۆژە کە تێیدا سووریا بێ سزایە."
 
سەرۆکی سووریا کە ساڵێک بەر لە ئێستا سەرپەرشتی ئەو هێرشەی کرد کە بووەهۆی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ستایشی "قوربانیدان"ی گەلی سووریای کرد لە کاتی شۆڕش و جەنگی نێوخۆییدا.
 
شەرع گوتی: "سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لە شۆڕشی پیرۆزی سووریادا قوربانییان دا و بەرگەیان گرت؛ ئەوانەی چەکی کیمیاییان هەڵمژی؛ ئەوانەی کۆچیان کرد و خاکی خۆیان جێهێشت؛ ئەوانەی لە دەریاکاندا خنکان و خوێنی ئەو شەهیدانەی خاکی پیرۆزیان ئاو دا تاوەکو گەیشتینە ئەم سەرکەوتنە گەورەیە."
 
ئەحمەد شەرع کە پێشتر بە ئەبو محەممەد جۆلانی دەناسرا، سوپاسێکی تایبەتی ئاراستەی ترەمپ کرد بۆ "بەدەمەوەهاتنی بانگەوازی گەلی سووریا" و سوپاسی کۆنگرێسی ئەمریکای کرد بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەو "قوربانییانەی" دراون.
 
شەرع سوپاسی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەری کرد، لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە عەرەبی و ئیسلامی و ئەورووپا کە پشتیوانییان لە سووریا کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شەرع داوای یەکڕیزیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات کرد و گوتی: "گەلی مەزنی سووریا، ئەمڕۆ رۆژی ئێوەیە. سەردەمی ئازار رۆیشت و سەردەمی بونیادنان دەستیپێکردووە."
 
کۆنگرێسی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای قەیسەری پەسەند کرد کە ساڵی 2019 سەپێندرابوو. 
 
درەنگی شەوی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ یاساکەی واژۆ کرد. پێشتریش لە مانگی ئایاردا یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەر سووریای هەڵگرتبوون. 
 
هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکان بە هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ قۆناخی ئاوەدانکردنەوەی سووریا دادەنرێ کە بەهۆی جەنگەوە کاولکاری، سەدان هەزار کوژراو و ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری لێکەوتەوە.
 
وڵاتانی ناوچەکە، وەک سعودیە و تورکیا بەڵێنی پشتیوانییان بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لەژێر فەرمانڕەوایی ئەحمەد شەرع داوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە