رووداو دیجیتاڵ
ئەیاد شەربەجی، رۆژنامەڤانی ناسراوی سووریایی-ئەمریکی، رایگەیاند دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا رۆژی دووشەممە دوای ماوەیەکی کورتی دەستبەسەرکردن ئازادیان کردووە، ئەمەش پاش ئەوەی بە هاندانی ناکۆکیی تائیفی لە رێگەی پۆستەکانی لە سۆشیال میدیاوە تۆمەتبار کرا.
شەربەجی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە بەردەم باڵەخانەی دادی سووریا لە دیمەشق تۆماری کردبوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە، ئازادکردنی خۆی پشتڕاستکردەوە و بەڵێنیدا کە دواتر وردەکاریی زیاتر لەبارەی دۆسییەکەی و بارودۆخی دەستبەسەرکردنەکەیەوە ئاشکرا بکات.
ئەو رۆژنامەڤانەی لە ئەمریکا نیشتەجێیە و بە گوتەی یەکێک لە خزمەکانی، رۆژی یەکشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، وەکو رەخنەگرێکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ناسراوە.
شەربەجی، پاش رووخانی رژێمی ئەسەدیش، لە رەخنەگرتن بە ئاراستەی دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریای بەردەوامە، کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەبارەی دەستبەسەرکردنەکەیەوە نەداوە.
ئەیاد شەربەجی، لە پۆستێکی پێشووتریدا لە فەیسبووک ئاشکرای کردبوو، لە کاتی گەیشتنی بە دیمەشق لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لەلایەن ئاسایشی فڕۆکەخانەوە ئاگادارکراوەتەوە کە سکاڵایەکی یاسایی لەلایەن پارێزەرێکەوە لەسەری تۆمارکراوە.
رۆژنامەڤانەکە، بەگوێرەی یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی سووریا، چەندین تۆمەتی رووبەڕوو کراوەتەوە، لەوانە "هاندانی ناکۆکیی تائیفی" و "لاوازکردنی شکۆی دەوڵەت". بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی سووریا، شەربەجی رۆژی یەکشەممە بۆ لێکۆڵینەوە چووەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری.
کۆمەڵەکە رایگەیاند، دەستبەسەرکردنەکەی پەیوەندیی راستەوخۆی بەو لێدوانانەوە هەبووە، کە پێشتر لەبارەی "نەوەی نوێ لە ئیدلب" داویەتی. شەربەجی، کە وەکو پەیامنێر بۆ کەناڵی جەزیرە لە ئەمریکا کاردەکات، نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردبووەوە و تێیدا گوتبووی: "ئەو نەوەیەی لە ئیدلب لە کەشێکی ئایینیی سوننەی تووندڕەودا گەورە بووە و هەموو ئەوانی دیکە بە دوژمن دەبینێت... لە قەیرانێکی راستەقینەدان و پێویستیان بە چارەسەر و شیاندنەوە هەیە."
ئەو لێدوانانە تووڕەییەکی زۆری لایەنگرانی دەسەڵاتی نوێی سووریای لێکەوتەوە. شەربەجی دواتر روونیکردەوە مەبەستی سوکایەتیکردن نەبووە، بەڵکو تەنیا ویستوویەتی تیشک بخاتە سەر ئەو ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتییانەی لە ئیدلب هەن، ئەو پارێزگایەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر کۆنترۆڵی سەرکردە ئێستاکانی سووریادا بوو و هێرشە خێراکەیان لێوە دەستپێکرد کە بووە هۆی رووخانی رژێمی ئەسەد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ