رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی بەهار دەڵێ، لە چوارچێوەی هەڵمەتی (حەلەب دایکی هەمووان)ە بە بەهای 3 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار پڕۆژەی خزمەتگوزاری و مرۆیی لە پارێزگای حەلەب جێبەجێ دەکات، کە بەشێکی سەرەکی بۆ هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان تەرخانکراوە.
رۆژی هەینی، دکتۆر گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی بەهار لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، رایگەیاند، ئەو بودجەیەی بۆ پڕۆژەکان تەرخانکراوە لەلایەن وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ئەڵمانییەکانەوە دابینکراوە.
9 پڕۆژە بۆ عەفرین
سەبارەت بە پشکی عەفرین لەو پڕۆژانە، دکتۆر گۆران گوتی، بەو 3 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە، نزیکەی 15 پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن کە 9 پڕۆژەیان تایبەتن بە عەفرین.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە گوتی: "پڕۆژەکان هەمەجۆرن و بوارەکانی تەندروستی، چارەسەری بەدخۆراکی، ئاوەدانکردنەوە، پاراستنی ژنان و منداڵان و ئاسایشی خۆراک دەگرنەوە"؛ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەیە دوای سەری ساڵ پڕۆژەی پەروەردەییش بۆ عەفرین زیاد بکرێ.
شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە
لەبارەی گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، دکتۆر گۆران رایگەیاند، پلانیان هەیە دوای سەری ساڵ کارەکانیان لەوێ دەستپێبکەن و نزیکەی 10 پڕۆژە لەو ناوچانە جێبەجێ بکەن، کە هاوشێوەی پڕۆژەکانی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەبن.
دۆخی دیمەشق و رۆژئاوای کوردستان
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گەڕەکە کوردنشینەکانی روکنەدین و زۆراڤا لە دیمەشق، دکتۆر گۆران روونیکردەوە کە ئێستا لە نێو دیمەشق کاردەکەن، بەڵام بۆ ئەو دوو گەڕەکە جارێ پڕۆژەی دیاریکراویان نییە و هیوای خواست لە داهاتوودا بتوانن لەوێش خزمەت بکەن.
سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، میوانەکەی رووداو کە بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی بەشدار بوو، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 2017ـەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کار دەکەن و نووسینگەیان هەیە، کارەکانیشیان زیاتر لە بواری پەروەردە و پاراستنی ژنان و منداڵان چڕ کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ