رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی دانوستاندنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا کراوە و گفتوگۆ تەکنیکییەکانی کۆمیتە پسپۆڕەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامن.
کۆمیتەی دانوستاندنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە هەژماری خۆی لە ئێکس سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی رێککەوتنی 10ی ئادار و دانوستاندنەکانی هەسەدە و حکومەتی سووریا بڵاویکردووەتەوە، "رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە بۆ مانەوەی سێ لیوای سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێو پێکهاتەی سەربازیی سوپای سووریادا."
هەروەها گوتیشی، "گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەرێگەی کۆمیتە پسپۆڕەکانی هەردوولاوە بەردەوامن بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی تایبەت بە رۆڵ و پێکهاتەی رێکخستنی، لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا هەنگاوی کرداری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت."
کۆمیتەکە بڵاویکردووەتەوە، "ئەم رێچکەیە خاوەنی پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی روونە کە بەرەو چارەسەرێکی سیاسی لەسەر بنەمای گفتوگۆ دەڕوات، لەبەر ئەوەی وەک واقیعیترین بژاردە بۆ زامنکردنی سەقامگیری دەبینرێت."
جەختیشی کردووەتەوە، هەر پێشکەوتنێکی بەرچاو پێویستی بە دوورکەوتنەوەیە لە ئاڵۆزییە میدیاییەکان و وتاری رق و کینە، هەروەها گرنگیدان بە تێگەیشتن و هاوبەشی؛ وەک تاکە رێگەی بنیاتنانی چارەسەرێکی هەمیشەیی لە سووریا.
رۆژی دووشەممە 10ـی ئازاری 2025، رێککەوتننامەیەکی 8 خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا.
تێیدا هاتووە کە، کۆمیتەکانی بەڕێوەبردنی رێککەوتننامەکە، کار لەسەر جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکە دەکەن، بە شێوەیەک کە لە ساڵی 2025 تێنەپەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ