مەزڵووم عەبدی بە فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆ رێککەوتن چووەتە دیمەشق

10-03-2025
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی گوندەواری حمس بە فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە گوندەواری دیمەشق نیشتەوە، رێککەوتنێکی هەشت خاڵی لەگەڵ ئەحمەد شەرع واژۆ کرد.
 
شەوی دووشەممە میدیای فەرمی سووریا، دوو وێنەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعی لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە و تەوقەکردن و دەقی رێککەوتنەکەی بڵاوکردەوە.
 
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. 
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
 
رێککەوتنەکە کەی و لە کوێ کراوە؟
 
بەگوێرەی میدیای هەسەدە ئەمڕۆ، هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی جۆری ئاپاچی لە سەرووی ناوچەی سوخنە لە گوندەواری حمس بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازی زەمیر لە گوندەواری دیمەشق فڕیوە. 
 
ئەو فڕۆکەیە شاندێکی هەدەسەی بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بردووە بۆ پارێزگای گوندەواری دیمەشق. 
 
سەرکردەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە میدیای خۆجێی رۆژئاوای کوردستانی راگەیاندووە، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ شەرع باس لە راگرتنی گرژی لە ناوچەی کەناری دەریا و هاوکاریکردنی زەرەرمەندان کرا
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن. 
 
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.
 
بەر لە رێککەوتنەکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەگەڵ کوردەکان، لەوانەش لە رێگەی قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی گروپێکی کوردی (کە مەبەستی مەزڵووم عەبدییە)، کە لەلایەن واشنتنەوە پشتیوانی دەکرێت.
 
سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی منبج و بەنداوی تشرین، ئەحمەد شەرع بە ئاژانسە بەریتانییەکەی راگەیاندبوو، دەیەوێت ئەم بابەتە بە دانوستاندن و دیدار لەگەڵ مەزڵووم عەبدی چارەسەر بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی سووری. وێنە: Louai Beshara/AFP

بانکی ناوەندیی سووریا: دراوی نوێ لە 8 یەکە پێکدێت

پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا رایگەیاند، دراوی نوێی سووری، کە لیرەیە لە هەشت یەکە پێکدێت و ئامادەکارییەکان بۆ دەرکردنی گەیشتوونەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو. ئاماژە بەوەش دەکات گەشەی ئابووریی وڵاتەکە لە پێشبینییە جیهانییەکان خێراترە