رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەڵێ، حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارە دروزەکان، 86 زیندانییان ئاڵوگۆڕ کردووە. ئەم دیلانە لە کاتی شەڕە خوێناوییەکەی پار دەستبەسەر کرابوون.
تەممووزی پار، لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا شەڕ لەنێوان چەکدارانی دروز و هۆزە عەرەبەکان روویدا. هێزە ئەمنییەکانی حکومەتیش لایەنگریی هۆزەکانیان کرد.
بەپێی سەرچاوە نێوخۆیییەکانی سووریا، زیاتر لە دوو هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژران کە 789 کەسیان هاووڵاتی دروز بوون. ئەوە خراپترین تووندوتیژی بوو لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024.
تارق مەغوش، بەرپرسی دۆسیەی زیندانیانی دروز، کە سەر بە شێخ حیکمەت هەجەری، رێبەری دیاری دروزەکانە، دەڵێ: "دانوستاندنەکان سەخت بوون و بە چاودێریی وڵاتانی گەرەنتیکار کران."
بەرپرسەکە گوتی، دانوستاندنەکان "ناڕاستەوخۆ" بوون و ئەمریکا وەک نێوەندگیر رۆڵی گێڕا.
تەڵال عامر، گوتەبێژی پاسەوانی نیشتمانی گوتی، ئیسرائیل رۆڵی "سەرپەرشتیکردن"ـی هەبووە.
پاسەوانی نیشتمانی، هاوپەیمانییەکە کە هەموو هێزە چەکدارە دروزییەکانی سوەیدا لەخۆدەگرێ.
لە کاتی شەڕەکەی پاردا، بە پاساوی پاراستنی دروزەکان، ئیسرائیل دەستوەردانی سەربازی کرد و دیمەشقی بۆردوومان کرد.
پاسەکان بە یاوەریی خاچی سوور، دیلەکانیان لە گرتووخانەی عەدرای ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەوە گواستەوە بۆ سوەیدا. لە بەرامبەردا، پاسێکی دیکە ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی گواستەوە کە لای دروزەکان دیل بوون.
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، هێزێکی ئەمنیی زۆر لەسەر رێگەی دیمەشق-سوەیدا بڵاوەی پێکرا بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ