هەسەدە: بۆ ئەوەی کەمپی هۆڵ نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ، هێزەکانمان کشاندەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆکاری کشانەوەیان لە کەمپی هۆڵ ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هۆکار بووە بۆ پاشەکشێپێکردنی هێزەکانیان، بۆ ئەوەی کەمپەکە نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ. هەسەدە دەشڵێت: "ئەو هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ جووڵەیەکی رێکخراوی خێزانی چەکدارانی داعش لەنێو کەمپەکەدا بۆ نانەوەی ئاژاوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 25ی شوباتی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیێندراوێکی لەبارەی لێدوانەکانی نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەبارەی کەمپی هۆڵ بڵاوکردەوە.
 
هەسەدە رایگەیاند، وەزیری ناوخۆی سووریا لە رێگەی ئەو لێدوانانەوە هەوڵی داوە خۆی لە بەرپرسیارێتیی ئەوە بدزێتەوە کە لە کەمپی هۆڵ روویداوە، لەگەڵ ئەو شکستە روونەی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەکەدا دوای ئەوەی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سووریا کۆنترۆڵی کەمپەکەیان کردووە.
 
نورەدین بابا رایگەیاندبوو، هەسەدە بەشێوەیەکی لەناکاو کەمپی هۆڵیان چۆڵ کردووە، ئەوەش شەش کاژێر پێش ئەوە بووە، کە سوپای عەرەبیی سووریا بچێتە نێو کەمپەکە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەک لە دانیشتووانی کەمپەکە هەڵاتوون.
 
هەسەدە دەڵێت، هێرشی راستەوخۆ و کۆکردنەوەی هێزی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بەرەو ئاراستەی کەمپی هۆڵ هەبووە و پێکدادانەکان لە دیوارەکانی کەمپەکە نزیک بوونەوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ جووڵەیەکی هاوئاهەنگ لەناو کەمپەکەدا لەلایەن خێزانی چەکدارانی داعش بۆ نانەوەی ئاژاوە، ئەوەش وایکردووە هێزەکانیان لە کەمپەکە بکشێنەوە بۆ رێگری لەوەی کەمپی هۆڵ ببێتە گۆڕەپانێکی کراوەی جەنگ.
 
کەمپی هۆڵ لە شاری حەسەکەی رۆژئاڤای کوردستانە، لە 20ی کانوونی دووەمی 2026 کەوتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوو.
 
لە راگەیێنراوەکەی هەسەدەدا هاتووە: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا چوونەتە ناو کەمپەکەوە و دەستیان کردووە بە دەربازکردنی خێزانەکانی داعش بە بەرچاوی ئەو هێزانەوە، ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام بووە؛ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخە هەڵدەگرن کە ئەو کات کۆنترۆڵی کەمپەکەیان کردووە، ئەو رووداوانە بە دەنگ و رەنگ هەڵگیراون و ناکرێت لە رێگەی راگەیێندراوی رۆژنامەڤانیی چەواشەکارانەوە بشاردرێنەوە.
 
کەمپی هۆڵ لە 22ی شوبات بە فەرمی داخرا، لە دوای گواستنەوەی سەرجەم خێزانەکانی ئەو کەمپە.
 
هەسەدە رایگەیاند، هێزەکانیان ماوەی چەندین ساڵ کەمپەکەیان بەڕێوە بردووە و ئەرکی مرۆیی، ئەخلاقی و ئەمنیی خۆیان جێبەجێ کردووە، سەرەڕای ئاڵۆزیی دۆسیەکە، "خەمی سەرەکییان پاراستنی ئەو خێزانانە بووە کە لەوێ بوون و رێگرییان لێ بکەن، کە شانەی رێکخراوی داعش لەناو کەمپەکە و دەرەوەیدا دروست بکەنەوە"
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە لێدوانەکانی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ "نابەرپرسیارانەیە" و ناکرێت جیا بکرێتەوە لەو هەوڵە سیاسییانەی بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و چاوبەستکردن لەو بۆشاییە ئەمنی و کارگێڕییانەی لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە روویان دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەربازێکی هێزەکانی حکومەتی کاتی سووریا

لە رەققە داعش هێرشیکردە سەر بازگەیەک و 4 کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ کوژران

میدیای فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، چوار ئەندامی "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ" لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە شاری رەققە کوژران. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکە بانگەوازی بۆ چەکدارانی کردووە رووبەڕووی دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکە ببنەوە.