بەڕێوەبەری ئاسایشی سوەیدا لە واشنتن: ئەمریکا پاڵپشتیی سووریایەکی یەکگرتوو دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاسایشی شاری سوەیدای سووریا رایگەیاند، بە بانگهێشتێکی فەرمی تیمێکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆنگرێسی ئەمریکا، گەیشتووەتە واشنتن و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەمنی و سیاسیی ئاستبەرزی کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، سولەیمان عەبدولباقی، بەڕێوەبەری ئاسایشی سوەیدا ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکەی لەسەر داوای فەرمیی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بووە بە سەرۆکایەتی برایان ماست، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا. 
 
راشیگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمنی بەرفراوانمان لەگەڵ بەرپرسانی کۆنگرێس کرد و دواتر لە کۆشکی سپی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی سەر بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووینەوە."
 
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانەوە، عەبدولباقی گوتی: "لە دیدارەکاندا دوایین پەرەسەندنە مەیدانی و سیاسییەکان و دەرفەتەکانی هاوئاهەنگیمان تاوتوێ کرد."
 
لەبارەی تێڕوانینی واشنتن بۆ داهاتووی سووریا، بەڕێوەبەری ئاسایشی سوەیدا جەختی کردەوە: "هەڵوێستی ئەمریکا زۆر روون بوو؛ واشنتن پشتگیری لە سووریایەکی یەکگرتوو دەکات کە خاوەن یەک سەرکردایەتی بێت و سەروەری و سەقامگیریی خاکەکەی بپارێزرێت."
 
شاری سوەیدا لە باشووری سووریا، بە پایتەختی مەعنەویی پێکهاتەی "دروز" دادەنرێت و خاوەن پێگەیەکی سیاسی و ئەمنیی تایبەتە؛ ناوچەکە لە ساڵی 2023وە راپەڕینێکی مەدەنیی بەردەوامی بەخۆوە بینیوە دژی رژێمی ئەسەد و داوای گۆڕانکاریی سیاسی و لامەرکەزییەت دەکات. ئەم داوایە لە سووریای دوای ئەسەدیش بەردەوامە.
 
لە رووی ئەمنییەوە، سوەیدا لەلایەن گرووپە چەکدارە خۆجێییەکانەوە دەپارێزرێت کە رەتیان کردووەتەوە بچنە ناو ریزەکانی سوپای سووریاوە، ئەمەش وایکردووە شارەکە ببێتە جێی سەرنجی نێودەوڵەتی و واشنتن وەک لایەنێکی کاریگەر و سەربەخۆ لە هاوکێشەی داهاتووی سووریادا مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە