رووداو دیجیتاڵ
کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان لە دەروازەی بابولسەلامە لە باکووری رۆژئاوای سووریاوە گەیەنرانە نێو خاکی ئەو وڵاتە، کە یەکێکە لەو دوو دەروازە نوێیەی، دوای بوومەلەرزە بۆ گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی کرایەوە، ئێستاش ئەمریکا دەیەوێت ئەو دەروازانە بەردەوام کراوە بن.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات "لەوبڕوایەداین باشترین رێگە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو دەروازانە بە گۆڕینی بۆچوونی رژێمی ئەسەد یان هەر لایەنێکی دیکەی سووریا داناخرێن. ئەوەیە کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییانە لە بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاسایی بکرێن. ئەمەش پرسێکە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان باسی دەکەین. لە هەمان کاتیشدا چاودێری گەیاندنی ئەو هاوکاریانە لەو سنوورانەوە دەکەین و هیوادارین بەردەوامیش بن".
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو 14ـی شوبات، 95 بارهەڵگری هاوکاری گەیەندراونەتە نێو سووریا، ئەو رێکخراوە داواشی لە وڵاتان کردووە کە پێویستیان بە 397 ملیۆن دۆلارە بۆ هاوکاریکردنی سووریا، ئێستاش بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە، لانیکەم 14 ملیۆن کەس پێویستییان بە هاوکاری هەیە و لەو ژمارەیەش 4 ملیۆن و 100 هەزار کەسیان لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا دەژین، لەو ناوچەیەش بوومەلەرزە بووەتە هۆی دەربەدەربوونی 11 هەزار کەس.
دوای بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات، دەسەڵاتی دیمەشق رازی بوو جگە لە دەروازەی بابولهەوا، هەردوو دەروازەی بابولسەلامە و راعی بۆ ماوەی سێ مانگ بە رووی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بکرێنەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەخوازێت هاوکارییە تەندروستییەکان رانەگیرێن، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
رۆبەرت هۆڵدن، بەڕێوەبەری فریاگوزاریی بوومەلەرزە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ "کاری لەپێشینەمان ئەوەیە بۆ ئەوانەی ئەمڕۆ کە لە نەخۆشخانەکانن و لە شوێنی بوومەلەرزەلێدراوەکانن، (ئەرکەکەش) ئەوەیە کەرەستە و پێداویستی و داودەرمانیان بەدەستبگات تاوەکو بتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن".
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی هەشت ملیۆن و 800 هەزار کەس لەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەژین، کە بەر بوومەلەرزە کەوتوون و زیانیانیان پێگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ