رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی دانیشتووی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەڵێ، شەڕڤانان بە ورەیەکی بەرزەوە شارەکە دەپارێزن.
ئەکرەم ساڵح، رۆژنامەڤانی دانیشتووی شاری حەسەکە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 4ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 20-1-2026ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ مەترسییەکی راستەوخۆ لەسەر حەسەکە نییە.
ئەو رۆژنامەڤانە گوتی، ژمارەیەکی زۆری شەڕڤان بەرگرییەکی بەهێز لە شارەکە دەکەن و گوتی: "ئێستا دەنگی تەقە دەبیسترێ کە لە ناوچەی غوێرانەوە دێ، بەڵام هیچ مەترسییەک نییە. بە خەڵکیش گوتراوە لە ماڵەکانیان دەرنەچن، بۆ ئەوەی هیچ ماڵێک تاڵان نەکرێ. لە رێگەی رووداوەوە بە خەڵک دەڵێم، لە ماڵ دەرنەچن و دڵنیابن کە شەڕڤانان تاوەکو دوایین دڵۆپی خوێنیان پارێزگاری لە هەموو شوێنێک دەکەن".
لەبارەی بوونی فڕۆکەی هاوپەیمانان، ئەکرەم ساڵ گوتی: "فڕۆکەی هاوپەیمانان لە ئاسمان هەبوو و چاودێری دەکرد، هەروەها بەردەوام دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی حەسەکە دێ".
ئەکرەم ساڵح گوتی، زیندانی غوێران کە گیراوانی داعشی تێدایە، بە هەمان شێوە پارێزراوە و گوتی: "بەگوێرەی ئامارەکان، ئەو زیندانە 4 تاوەکو 5 هەزار گیراوی داعشی تێدایە. چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان دەیانەوێ زیندانەکە بشکێنن و کەس و کاریان ببەنە دەرەوە. ئەوان لە رەققە، شەدادی و ناوچەکانی دیکەش، یەکسەر روو لە زیندانەکان دەکەن و هەوڵی شکاندنیان دەدەن. مەترسییەکی گەورەیە چەکدارانی داعش لە زیندانەکان دەربهێندرێن، لەکاتێکدا کورد نزیکەی 10 ساڵە شەڕی داعش دەکات".
شەڕڤانان لە شەقامەکانی حەسەکەدا بەردەوام دەگەڕێن و چاودێریی ئاسایشی شارەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ