بەرەو باشووری كۆبانی.. كۆتایی داعش لە رەققە

23-10-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن رەققە کۆبانێ
A+ A-

پۆڵ ئیدن

لە كەس شاراوە نییە كە بەرنامە 500 ملیۆن دۆلارییەكەی ئەمەریكا بۆ یارمەتیدان و پڕچەككردنی جەنگاوەرانی دێرینی سووریا دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەم وڵاتەدا ئەنجامێكی شەرمنانەی هەبووە. بە دڵنیاییشەوە ئەمە وا دەكات شێوازی مامەڵەكردنی واشنتن تا راددەیەكی زۆر بگۆڕێت.

بە گشتی خەڵك ئاگادارن لەوەی كاریگەرترین هێزی سەر زەوی كە ئەمریكا توانیبێتی لە سووریا دژ بە داعش هەماهەنگیی لەگەڵدا بكات، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە. كاتێك داعش شاری كۆبانێی لە ئەیلولی 2014دا بۆ چوار مانگ و نیو گەمارۆ دا، ئەمەریكا لە ئاسمانەوە پاڵپشتی هێزەكانی یەپەگەی كرد تا بتوانن بەرپەرچی هێرشەكانی داعش بدەنەوە. هەر لەو كاتەوەش ئەمەریكا بە بەردەوامی پاڵپشتیی هێزە كوردییەكانی كردووە، تەنانەت ئەوكاتەش كە كانتۆنەكانی جەزیرە و كۆبانێ لە حوزەیرانی 2015دا پێكەوە بەسترانەوە.

بۆ ئەوەی كورد لە سووریا قەوارەیەكی دیاریكراوی هەبێت، پێویستە ئەم دوو كانتۆنە بە كانتۆنی عەفرین كە لە رۆژئاوای ئەوانەوە هەڵكەوتووە گرێ بدرێت. 110 كیلۆمەتر نێوانی كۆبانی و عەفرینی گرتووە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی كوردە و بەشێكی زۆری ئەم خاكە لە دەستی ئیسلامییە توندڕەوەكاندا ماوەتەوە. كوردی سووریا بێ هیچ دوودڵییەك دەیانەوێت كۆتایی بە لێكدابڕانی كۆمەڵگەكانیان بهێنن و تەنانەت لەگەڵ گەڕەكی كوردنشینی شێخ مەقسوود لە شاری ناكۆكی لەسەری حەلەب تێكەڵ ببنەوە.

دیارە توركیا هەر لە كۆنەوە سەرسەختانە دژی ئەم بیرۆكەیە بووە. لەگەڵ ئەوەی كە هێزە كوردییەكان بە گشتی رابردوویەكی باشیان لە هاوكاریكردنی گرووپی چەكداری وەك سوپای ئازادی سووریا هەبووە و بەڕێوەبردنی ناوچەی نێوان جەزیرە و كۆبانێیان بە هاوبەشی لە ئەستۆ گرتووە كە لەڕاستیدا دەكەوێتە دەرەوەی سنووری كوردستانی رۆژئاڤا، دیسانیش توركیا دژی ئەوەیە یەپەگە لە باشوور ببێتە دراوسێی.

ئەمریكا دەمێكە دەیەوێت ئەم پرسە بخاتە نێو بەرنامەی پڕچەككردن و راهێنانەكەی كە پێشتر باسمان كرد، بەڵام بەهۆی شكستهێنانی پرۆژەكەوە، واشنتن هەوڵی داوە راستەوخۆتر بكەوێتە هاوكاری لەگەڵ كوردەكانی سووریا و هێزە چەكدارەكانی دیكەی وەك سوپای ئازاد كە لەژێر چەتری بوركانی فوراتدا هەوڵ دەدەن داعش لە رەققە راوبنێن.

ئەوان بۆیان دەركەوتووە ئەم هێزە 40 هەزار كەسییەی كورد كە راهێنراون و پاڵپشتی جەنگاوەری عەرەبیشیان هەیە، لە راستیدا كاریگەرترین هێزی سەر زەوین كە ئەمریكا بتوانێت پشتیان پێ ببەستێ. هەر بۆیەشە پەیتا پەیتا چەك و تەقەمەنی لە ئاسمانەوە بۆ دەخستنە خوارەوە. كەواتە سەرباری نیگەرانیی ئەنقەرە، رەنگە رێككەوتنێك لەم ناوەدا گرێ بدرێت.

ئەگەرچی پێكەوە بەستنەوەی كۆبانێ و عەفرین دەتوانێت ئاسانتر داعش لە ناوچەكە بكاتە دەرەوە، دیسانیش ئەمریكا توركیای دڵنیا كردووەتەوە كە نایەوێت شتێكی وا رووبدات. بەڵام دەیەوێت یەپەگە بەرەو باشوور هەنگاو بنێت و داعش لە رەققە راوبنێت. توركیا رەنگە پێی خۆش نەبێت كە یەپەگە دژی داعش بەرەو ناوچەی رەققە شۆڕ ببێتەوە، بەڵام هێشتا ئەمەی پێ لەوە باشترە كە یەپەگە ببێتە دراوسێی لە سنووری باشووری توركیا. ئەمەش پێدەچێت ئەو بژارەیە بێت كە واشنتن وا خەریكە دەیخاتە بەردەم لایەنەكان.

كوردی سووریا نیشانیان داوە كە ئامادەن تەنانەت لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد و رووسیای پشتیوانی، هاوئاهەنگی بكەن بە مەرجێك ئەم ناوچە كوردیانە بە یەكەوە گرێ بدرێن. بەڵام لە هەمانكاتدا ئەگەر یەپەگە لەگەڵ ئەسەد و رووسیا بكەوێتە هاوكاری و لەجیاتی رەققە بەرەو عەفرین شۆڕ ببێتەوە، بێگومان ئەمەریكا لە خۆیان دەڕەنجێنن كە بە درێژایی ئەم ماوەیە پاڵپشتییەكی ئاسمانیی كاریگەریان دژ بە نەیارەكانی كوردی سووریا هەبووە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا چەند رۆژێك بەر لە ئێستا گوتی بە خۆشحاڵییەوە هاوكاریی هاوپەیمانان و ئەمریكا دەكات. ئەنقەرە ئەوەندە لە هەڵمەتی مۆسكۆ بۆ ناو سووریا پەست بووە كە ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەی كرد چیدی گاز لە رووسیا نەكڕێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە توركیا یەك لە گەورەترین كڕیارانی گازی ئەو وڵاتەیە. ئەردۆغان دەزانێت كە توركیا بایەخێكی ستراتیژیی زۆری بۆ ئەمەریكا هەیە، بۆیەشە كێشەی كەمتری لەگەڵ ئەوەدا هەیە كە كورد بكەوێتە دانوستاندن لەگەڵ واشنتن تا ئەوەی یەپەگە لە ناچاریدا روو بكاتە مۆسكۆ و بە پاڵپشتیی ئەوان ئەم ناوچانە بە یەكەوە بلكێنێ.

ئەنقەرە دەزانێت كە هاوكاریی ئەمریكا بۆ هێرشی هاوبەشی كورد و عەرەب بۆ سەر رەققە كاتێك كاریگەریی زۆری دەبێت كە واشنتن بتوانێت بنكەی سەربازیی ئینجێرلیك لە توركیادا بەكاربهێنێ. فڕۆكە و فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی ئەمەریكا لەڕێگەی ئەم بنكەیەوە ئاسانتر و خێراتر دەتوانن هێرشی هاوبەش بۆ رەققە سەربخەن.

ستراتیژێكی وەها بێ پێشینە نییە. هێزی ئاسمانیی ئەمریكا لە 2001دا یارمەتیی هاوپەیمانیی باكووریان لە ئەفغانستان دا كە ئەوكات بە سواری ئەسپ تاڵیبانیان لە كابول دەرپەڕاند. ئەوان هەمان كاریان لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان لە لیبیا كرد و لە ئاسمانەوە پاڵپشتی ئەو هێزانەیان كرد كە لەسەر زەوی رژێمەكەی موعەممەر قەزافییان رووخاند. بۆ دەركردنی داعش لە رەققە لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا زۆری پێدەچێت ئەمەریكا و هاوپەیمانانی هەمان ستراتیژ لەگەڵ یەپەگە و سوپای ئازاددا بەكاربێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە