رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایدەگەیێنێت، دەستووری ئێستای وڵاتەکە لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی جیهان، هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی و داواکارییەکانی خەڵک بۆ ماف و ئازادییەکان بە "ناکارامەیی" ماوەتەوە و دەڵێت: "نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ پێویستییەکی ناچارییە."
شەوی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی "قوتابخانەی سیاسەت" لە زانکۆی ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پێویستیی گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەستووری وڵاتەکەیدا.
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، دەستوور تەنیا چوارچێوەیەک نییە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەڵکو "گرێبەستێکی یاسایی و ئەخلاقیی نێوان گەل و دەوڵەتە." گوتیشی: "لەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، دەستووری ئێستامان بەداخەوە ناکارامە بووە و ناتوانێت وەڵامدەرەوەی پێکهاتەی گەشەسەندووی کۆمەڵگە بێت."
گورلەک دوو ئامانجی گەورەی وەزارەتەکەی بۆ داهاتوو ئاشکرا کرد؛ یەکەمیان چەسپاندنی تورکیایەکی ئارام و "پاککراوە لە تیرۆر"، دووەمیشیان پێشکەشکردنی دەستوورێکی نوێ بە گەل کە گەرەنتیی هەموو ماف و ئازادییەکان بکات.
ئاکن گورلەک جەختی لەوە کردەوە کە وەک وەزیری داد، بەرپرسیارێتیی ئەوەی لەسەر شانە سیستمێکی دادی وا دابمەزرێنێت کە "بەردەست بێت و بێ دواکەوتن" کارەکانی راپەڕێنێت، هەروەها جەختی لە سەروەریی یاسا و پاراستنی ئازادییەکانی هاووڵاتییان کردەوە.
پرسی گۆڕینی دەستوور لە تورکیا پێویستی بە رێکارە یاساییەکان و دەنگی پەرلەمانتاران هەیە لە پەرلەمانی وڵاتەکە (کە لە 600 کورسی پێکدێت):
- بۆ پێشنیازکردنی هەموار یان دەستووری نوێ: پێویستە 200 پەرلەمانتار واژۆی بکەن.
- بۆ بردنی دەستوور بۆ گشتپرسی: پێویستە 360 پەرلەمانتار دەنگی پێ بدەن.
- بۆ پەسندکردنی راستەوخۆ (بێ گشتپرسی): پێویستە 400 پەرلەمانتار دەنگی بۆ بدەن.
ئەم لێدوانانەی وەزیری داد لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە لە نێو بازنە سیاسییەکانی تورکیادا مشتومڕ لەسەر پێویستیی گۆڕینی ئەو دەستوورە هەیە کە پاشماوەی سەردەمی کودەتا سەربازییەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ