رووداو دیجیتاڵ
تورکیا 2026-2035ـی بە 'دیدگای دەیەی خێزان و دانیشتووان' ناساند: پلانێکی 10 ساڵەشی لە دژی قەیرانی دانیشتووان راگەیاند.
لە فەرمانێکدا کە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای لەسەرە، ساڵانی 2026-2035 وەک "دیدگای دەیەی خێزان و دانیشتووان" ناساندووە.
ئەم پلانە لەئەنجامی کاردانەوەیە بۆ ئەو راستییەی کە رێژەی منداڵبوون بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە مێژووی کۆماری تورکیادا دابەزیوە، دامەزراوە گشتییەکان رێنمایی دەکات تا سیاسەتێک پەیڕەو بکەن کە خێزان بپارێزێت و ژمارەی دانیشتووان زیاد بکات.
ئەو هەنگاوە ستراتیجیانەی کە بۆ پاراستنی پێکهاتەی دیمۆگرافی تورکیا و بەهێزکردنی دامەزراوەی خێزان ئامادەکراون، بە فەرمانی سەرۆکایەتی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە؛ بە دەستپێشخەری "دیدگای دەیەی خێزان و دانیشتووان" ناسێندراوە، کە ساڵانی 2026-2035 دەگرێتەوە، ئامانج لێی جێبەجێکردنی سیاسەتێکی گشتگیری دانیشتوانە لە بەرامبەر دابەزینی رێژەی منداڵبوون لە تورکیا.
لەو پلانەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پێکهاتەیەکی خێزان و دانیشتووانی بەهێز رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بوونی سەقامگیری کۆمەڵگاکاندا. ئەم فەرمانەی سەرۆککۆمار بە ئاماژەدان بە ماددەی 41ی دەستووری تورکیا هاتووە، وەک وەبیری هێنایەوەک کە پاراستنی خێزان یەکێکە لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت.
لە فەرمانەکەدا رەخنە لەوە دەگیرێت کە ساڵانێکی زۆرە گەشەی دانیشتوان وەک بەربەستێک لەبەردەم گەشەکردنی ئابوری و دەوڵەت سەیر دەکرێت لە سەرانسەری جیهاندا، هەر بۆیە سیاسەتەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی توانای منداڵبوون پەیڕەو دەکرێن و تێیدا هاتووە "رێژەی منداڵبوون لە تورکیا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، کە تا ئێستا لە مێژووی کۆماردا پێوانە کراوە، گۆڕانکارییە نەرێنییەکانی پێکهاتەی خێزان و دانیشتوان گەیشتوونەتە رەهەندێکی وجودی."
ژمارەی دانیشتوانی تورکیا 87 ملیۆن و 926 هەزار کەسە. بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتوان بەرێژەی 0.27% زیادی کردووە.
بەپێی ئاماری فەرمی، تێکرای رێژەی منداڵبوون لەتورکیا بریتییە لە 1.48 بۆ هەر ئافرەتێک، لە کاتێكدا بەپێی ستانداردە جیهانییەکان ئەگەر ئەو رێژەیە لە 2.1 کەمتر بێت، واتای ئەوەیە دانیشتوانی رەسەنی ئەو وڵاتە بەرەو کەمبوونەوە دەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ