دەمیرتاش: بۆ کەسێک 10 ساڵ لە زیندان بێت، 15 ساڵ هیچ جیاوازییەکی نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە چەند مانگێکی ماوە 10 ساڵی تەواو لە زینداندا بەسەر ببات، رایدەگەیێنێت کە درێژکردنەوەی ماوەی زیندانییەکەی وای لێناکات لە هەڵوێستەکانی پاشەکشە بکات و دەڵێت: "10 ساڵ یان 15 ساڵ، بۆ من هیچ جیاوازییەکی نییە."
 
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کرد، کە لە تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە زیندانی ئەدیرنەیە.
 
جەنگیز چاندار ناوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ دەمیرتاش بۆ میدیاکان گێڕایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، دەمیرتاش سەبارەت بە پرسی ئازادکردنی و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی
مرۆڤی ئەورووپا گوتوویەتی: "بۆ کەسێک کە 10 ساڵ زیندانی کرابێت، 15 ساڵ هیچ جیاوازییەکی نییە."
 
دەمیرتاش لە دیدارەکەیدا لەگەڵ چاندار، نموونەیەک بۆ گوشارەکان دەهێنێتەوە و دەڵێ: "ئەگەر بە کەسێک بڵێیت کە 12 مانگە زیندانییە، 'ئەگەر فڵانە شت نەکەیت مانگی 13ـەهەمیش دەمێنیتەوە'، رەنگە کاریگەر بێت و ئەو مانگە لەبەرچاوی زۆر گەورە بێت. بەڵام بۆ کەسێک 10 ساڵی لێرە بەڕێکردبێت، پێنج ساڵی دیکە هیچ نییە."
 
جەنگیز چاندار دەڵێت، خوێندنەوەی ئەو بۆ ئەم قسانەی دەمیرتاش ئەوەیە کە ئەو دەیەوێت پەیامێک بداتە دەسەڵاتدارانی تورکیا کە "هەرگیز لەسەر پرەنسیپ و هەڵوێستە سیاسییەکانم سازش ناکەم، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات زیاتریش لە زینداندا بمێنمەوە."
 
نزیکەی 10 ساڵ زیندانی و 47 دۆسیە
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016ـەوە دەستبەسەرە. لەو ماوەیەدا 47 دۆسیەی جیاوازی بۆ کراوەتەوە و بە چەندین تۆمەتی وەک "تێکدانی یەکڕیزیی دەوڵەت، هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان، رێکخستنی خۆپێشاندانی نایاسایی و پروپاگەندە بۆ تیرۆر" دادگایی دەکرێت.
 
سەرەڕای ئەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا (ECHR) چەندین جار بڕیاری ئازادکردنی کۆتایی بۆ دەمیرتاش دەرکردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا پابەندی بڕیارەکان نەبووە، ئەمەش بووەتە جێگەی ناڕەزایەتییەکی زۆری ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا

وەزیری دادی تورکیا: نووسینەوەی دەستوور پێویستییەکی ناچارییە

وەزیری دادی تورکیا رایدەگەیێنێت، دەستووری ئێستای وڵاتەکە لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی جیهان، هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی و داواکارییەکانی خەڵک بۆ ماف و ئازادییەکان بە "ناکارامەیی" ماوەتەوە و دەڵێت: "نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ پێویستییەکی ناچارییە."