رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانی کرد و گوتی، پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، قسەی لەگەڵ لایەنەکان کردووە.
بەرنامەکە شەوی سێشەممە 3-3-2026 بوو و تێیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بە جەنگی ئێرانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دایەوە.
هاکان فیدان گوتی: "بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو هەوڵی جیدیان دا بۆ ئەوەی ئەم جەنگە نەکرێ. من لە نزیکەی ئاگاداری ئەوەم و تەنانەت کاژێرێک بەر لە هێرشەکە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر هەوڵی بۆ ئەوە دا کە جەنگ روونەدات و لە بەرژەوەندیی ئێران قسەی دەکرد. بەڵام دەبینین ئێران بێ هیچ جیاوازییەک عومانی نێوەندگیر، قەتەر، کوێت، بەحرێن، سعودیە و ئوردنی بۆردوومانکرد. بەڕای من ئەمە ستراتیجییەکی زۆر زۆر هەڵەیە و مەترسییەکانی ناوچەکە زۆر زیاتر دەکات. فەلسەفەی ئەوەی کە دەڵێ؛ ئەگەر من تیابچم، با هەمووان تیابچن، هەڵەیە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هەوڵەکانی ئەنقەرەش بۆ رێککەوتن قسەی کرد و گوتی: "مانگی کانوونی دووەم کەشەکە زۆر نالەبار بوو و زەنگی جەنگ لێ دەدرا، بەتایبەتی 27ی کانوونی دووەم ئەو گفتوگۆیەی لەنێوان سەرۆککۆمارمان و بەرێز ترەمپ کرا، مێژوویی بوو. نامەوێ وردەکاریی زیاتر لەسەر بدەم، بەڵام ئەوکات ئەمریکا لە سەروبەندی بڕیاردان بوو لەسەر هێرشەکە. رۆژی 30ی مانگیش ئێمە لە ئیستەنبووڵ پێشوازیمان لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. بە گفتوگۆمان لەگەڵ ترەمپ و ئەمریکییەکان بە گشتی، بینیمان کە زۆر جیدین. تەنانەت شەوێکیان پەیوەندییان بە منەوە کرد. بابەتەکەمان گەیاندە سەرۆککۆمارمان و 27ی مانگیش پەیوندەییەکی تەلەفۆنیمان لەگەڵ ترەمپ رێکخست".
هاکان فیدان هەرەها گوتی:"لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ عێراقچی، شێوازێکمان دۆزییەوە و راستەوخۆ پەیوەندیم بە ئەمریکییەکانەوە کرد. پێشنیازی شێوازێکی چارەسەرمان بۆ کردن. بابەتەکانمان کردە دوو بەش، چونکە ئەمریکییەکان دەیانویست بە یەکجار چوار بابەت بەسەر ئێرانییەکاندا بسەپێنن و بابەتەکە چارەسەر بکەن. ئێمە گوتمان ئێوە دوو لەو بابەتانە تاوتوێ بکەن و دووانەکەی دیکەش ئێمە وەک وڵاتانی ناوچەکە تاوتوێیان دەکەین. کاتێک ئەمانەمان بۆ ئەمریکییەکان باس کرد، گوتیان باشە و تەنانەت گوتیان هەر ئێستا دەتوانین بێین. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی با من بگەڕێمەوە و ئەمە لەگەڵ ناوەند تاوتوێ بکەم".
هاکان فیدان زیاتر دوا و گوتی:"ئەوکات لەگەڵ لایەنی ئێرانی، ئەمریکی و نێوەندگیر کۆبوومەوە. هەستم کرد بابەتەکان باش ناڕۆن. راستە تێڕوانین و ویستی تاران و واشنتن بۆ چارەسەر جیاواز بوون. بەڵام دەکرا ئەگەر ماوەیەکی دیکە بەردەوام بوونایە، لە بابەتی بەرنامەی ئەتۆمی دەگەیشتنە چارەسەرێک. بەڵام گوشارێکی زۆر جیدیی ئیسرائیلیش لەسەر دۆناڵد ترەمپ هەبوو".
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە لەوانەیە سەرکردایەتیی نوێی ئێران سیاسەتێکی نەرمتر پەیڕەو بکات و بە پێویستی زانی "ئێران هاوکێشەکە بە جۆرێک هاوسەنگ بکاتەوە، ئەگەرنا بەردەوامبوونی جەنگ، بە هەموو جۆرێک خراپترە لەو ئەنجامەی بیری لێدەکرێتەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو جەنگە و گوتی، سنوورەکانیان تۆکمەن و بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئاسایشی سنوورەکانیان دەپارێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ