ئەردۆغان: هاندانەکانی ئیسرائیل بووە هۆکاری دروستبوونی پێکدادانی گەرم

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا، ئیسرائیل بە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران تۆمەتبار دەکات و هێرشەکانی سەر تاران بە نایاسایی دەزانێت.
 
لە خوانێکی بەربانگ کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2-3-2026 لە ئەنقەرە بە بەشداریی ئەندامانی سەرکردایەتیی ئاکپارتی سازکرابوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.
 
لەبارەی دەستپێکردنی جەنگەکە و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی وڵاتەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بە کوژرانی عەلی خامنەیی، بەرپرس و خەڵکی ئێران کرد و گوتی:"لە سەرووی هەموویانەوە خوالێخۆشبوو خامنەیی و ئەوانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بەناوی خۆم و وڵاتەکەمەوە داوای لێخۆشبوونیان بۆ دەکەم و سەرەخۆشی لە خەڵکی ئێران دەکەم".
 
لەبارەی هەڵوێستی ئەنقەرە ئەردۆغان رایگەیاند، لەپێناوی دروستنەبوونی گرژی ئەوەی لەدەستی هاتووە کردوویەتی و گوتی: "لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا لە ناوچەکەدا ئەوەی لەدەستمان هات کردمان. بەڵام ئەو ئەنجامەی هیوای بۆ دەخوازرا لەسەر مێزی گفتوگۆ بەدەستنەهات. بەداخەوە بە هاندانەکانی ئیسرائیلیش ناکۆکی گەورە بوو و پێکدادانی گەرمی لێکەوتەوە. هەروەها لە ئاکامی بەرپەرچدانەوەی ئەوان، وڵاتانی کەنداویش زیانیان بەرکەوت".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، میری قەتەر، میری کوێت، سەرۆکی ئیمارات، سەرۆک و شازادەی جێنشینی سعودیە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەورووپا کردووە و باسی ئەوەیان کردووە کە بۆ وەستاندنی جەنگ، دەتوانرێ چی بکرێت.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە