ئەردۆغان: بەهۆی هاندانەکانی نەتەنیاهووەوە هێرش کرایە سەر ئێران و نیگەرانین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی نیگەرانە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دەڵێت، "ئەو هێرشانە بە هاندان و ئیستفزازەکانی نەتەنیاهووەوە ئەنجامدراون."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی فتار کە لەلایەن ئاکپارتییەوە لە ئیستەنبوڵ رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
"دەستدرێژی کرایە سەر ئارامیی گەلی ئێران"
 
ئەردۆغان سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە ئەنجامدران و گوتی: "ئەم هێرشانە نەک تەنیا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی ئێرانن، بەڵکو دەستدرێژین بۆ سەر ئارامیی گەلی دۆست و برای ئێران. ئێمە بە داخەوە پێشوازی لەو هێرشانە دەکەین؛ چونکە ماوەیەکی درێژە هەوڵێکی زۆرمان دا تاوەکو ناکۆکییەکان لە رێگەی دیالۆگ و لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بکرێن."
 
"لەگەڵ ترەمپ و پزیشکیان قسەم کرد، بەڵام قەیرانی متمانە تێنەپەڕێندرا"
 
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخەکە، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی نەبوونی متمانە لەنێوان لایەنەکاندا رێگر بووە و گوتی: "وەک تورکیا کارمان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری کرد، بەڵام بەهۆی هاندانەکانی نەتەنیاهووەوە و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تووشی دڵتەنگی و نیگەرانییەکی قووڵ بووین."
 
ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە پەیوەندیی بە هەریەک لە واشنتن و تارانەوە کردووە و گوتی: "لەم ماوەیەدا لەگەڵ بەڕێزان ترەمپ و پزیشکیان گفتوگۆم کرد، وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش هەوڵی خۆیان دا، بەڵام قەیرانی متمانەی نێوان لایەنەکان تێنەپەڕێندرا." هەروەها ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی "بەردەوام بووە لە ژەهراویکردنی پڕۆسەکە" و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەست نەیەت.
 
"سەرەتا ئاگربەست و دواتر مێزی دانوستان"
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نابێت و گوتی: "ئینشاڵڵا ئەم قۆناخە هەستیارە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەبەین. هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی سەرەتا ئاگربەست رابگەیێندرێت و پاشان لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان. وەک دەوڵەت و نەتەوە، لە تەنیشت هەموو گەلە براکانی ناوچەکەدا دەمێنینەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری مووش لە باکووری کوردستان. وێنە: ئەرشیڤ

راپۆرتێک: زۆربەی ئەو شارانەی لە تورکیادا بۆ ژیان خراپترینن لە باکووری کوردستانن

گۆڤاری فۆربس لە نوێترین راپۆرتیدا "خراپترین شارەکان بۆ ژیان"ی لەسەر ئاستی تورکیای بڵاوکردەوە. زۆربەی ئەو شارانەی لە ریزبەندییەکەدا هاتوون، دەکەونە باکووری کوردستان. شاری مووش لە پلەی یەکەمی لیستی "خراپترینەکان" دێت و دوای ئەویش شرنەخ، جۆلەمێرگ و سێرت دێن