رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن "ترەمپ فەرمانی بە تورکیا کردووە هێرش بکاتە سەر ئێران."
ناوەندەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە چواری ئاداری 2026 لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی بانگەشەکان لەسەر "ترەمپ فەرمانی بە تورکیا کردووە بەشداری لە شەڕەکەدا بکات" روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو بانگەشانە بە تەواوی "بێبنەمان."
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەدا، تورکیا لە بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی خۆیدا سەربەخۆیە و رایگەیاند، "تورکیا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، سیاسەتی دەرەوە و بڕیارەکانی ئاسایشی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ دیاری دەکات و جێبەجێیان دەکات. هەر قسەیەکی پێچەوانەی ئەمە، بە تەواوی بێبنەمایە و بە مەبەستی خراپ بڵاوکراوەتەوە."
لە روونکردنەوەکەدا سەرنجی خستە سەر بانگەشەکانی نێو سۆشیاڵمیدیا و رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن 'ترەمپ فەرمانی هێرشی داوەتە تورکیا'، 'تورکیا بەشێکە لە پلانێکی سەربازیی نهێنی' و 'تورکیا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی کاتسا، شەڕی دژی ئێرانی قبووڵ کردووە'، راست نین."
ناوەندەکە روونیکردەوە، هیچ شتێک نییە بەناوی "مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکان لە بەرامبەر بەشداریکردن لە شەڕدا" نییە و داوای لە رای گشتیی تورکیا کرد گوێ بەو هەواڵانە نەدەن کە بە مەبەستی چەواشەکاری بڵاودەکرێنەوە.
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات کە لە هەندێک هەژماری سۆشیاڵمیدیادا بانگەشە کرا کە ئەنقەرە و واشنتن لەسەر ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بۆسەر ئێران رێککەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ